سوڵتانی بەختەوەریی . . . !!! . بەشی شانزەهەم

ئازادی و نان زۆر گرنگن زۆر پێویستن بۆ ژیان و مرۆڤایەتی بەگشتی هەرچۆن بەختەوەریی پێویستە بۆ ژیان و بەردەوام بوون ئاوا ئازادی و نان تەواوکەری ژیان و خۆشبەختیی مرۆڤەکانە بۆیە نان و ئازادی تەواوکەری یەکترن و ژیان جوانتر دەکەن بەختەوەرییش مسۆگەرو میوانی هەمیشەیی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت کەتێرو ئازادن .

ئازادی و نان و بەختەوەریی بۆ تاک و کۆمەڵگا بێ لەمیهرەبانی و دور لەوەفای مرۆڤەکان هیچ نرخێکی نی یەو ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە مرۆڤێکی بێ ڕۆح و بێ هەست و دور لەخۆشەویستی و عەشق دەژین ئەمەش دەبێتە مایەی زەرەرو دۆڕاندنی هەستە جوانەکانی مرۆڤ . بۆیە بۆ تەواوکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤایەتیی دەبێت نان و ئازادی و خۆشەویستی و وەفاو میهرەبانیی و یەکترویستن هەبێت . میهرەبانیی هێندە هەستێکی مرۆیی گەورەیە هەمیشە بەختەوەریی دەبەخشێت وەفای مرۆڤەکان هێندە جوانە هەندێکجار زۆر گرنگترە لەئازادی بۆیە ئەگەر ئازادی نەزانی ڕێزی لێ بگریت زۆرجار ژیانت لەدەست دەدات کەچی بەپێچەوانەوە وەفاو میهرەبانی ژیانێکی ئاسودەت پێ دەبەخشێت لەچاوی ئەوانی ترەوە جوان و مەزن دەبینرێیت گەورەترو پاراوتر دەبیت مەزن و بەهەیبەتێکی مرۆڤانەی بێ وێنە دەبیندرێیت بۆیە میهرەبانی گرنگە ئاوە بۆ تینوێتی ڕۆحی تینوو بۆ جوانیی و ئارامیی مرۆڤەکان .

هاودەمێ ڕوی کردە بەندەو فەرموی دوو پرسیارم هەیە :

یەکەمیان / درۆکردن بۆچی قێزەونەو دڵە ڕاوکێ و ناخۆشیی لەدوایە  . ؟.

منیش وەڵامم دایەوەو وتم :

_ درۆکردن سەرتۆپکی نائومێدی یە بۆیە قێزەونەو ناخۆشە چونکە هەموو بەدڕەوشتی یەکانی مرۆڤی خراپی لەپشتەوەیە بۆیە درۆکردن ئەمڕۆت بۆ دەباتەسەرو بەهەمان شێوە سەرو کارت مەیسەر دەکات کەچی سبەی تەگەرەت بۆ دروست دەکات و تەمەنی خۆت و ڕەفتارەکانت کورتتر دەکات نائومێد دەژیت داماو دەمریت بەهیچ شێوەیەک بەختەوەریی لەدرۆکردندا بوونی نی یە و هەمیشەش بۆ چەند ساتێک دەڕوات و ئیشەکان جێ بەجێ دەکات بەڵام تەمەنی کورتەو کێشەو کارەساتی لەدوایە بەڕاستی درۆ شتێکی قێزەونەو ئەو کەسانە زیاتر ئالودەی درۆن کەهەست بەکەمیی دەکەن و زۆر جار نەخۆشی یەو هەندێکجاریش ڕک و کینەیە .

دووەمیان / مرۆڤەڤەکان بەقسەی خۆیان بکەن باشە یان بەقسەی کەسانی تریش . ؟.

وەڵام :

_ مرۆڤ زۆرجار دەبێت بەقسەی دڵی خۆی بکات ئەوە هەستێکی خودایی یەو ڕاستە ئەبێت ئەوەندەش باوەڕت بەخۆت هەبێت کەکارەکانت یان بڕیارەکانت بەتەنهایش بیت دەتوانیت بڕیار لەسەر ژیان و ئیش و کارەکانت بدەیت بەڵام لەهەرشتێکدا دوودڵیت مەیکە زۆرجاریش گوێ لەخەڵکانیتر بگرەو بەڵام بەقسەی مێشک و دڵی خۆت بکە ڕاو بۆچونی خەڵکانی دەوروبەریش گرنگن بۆیە ڕای خۆت و قسەی دڵت گرنگترن . کەواتە گوێ لەکەسانێک بگرە لەخۆت گەورەترو بەتەجروبەترو زاناو بەسەلیقەترن نەک پێچەوانەکەی کەبەرەو پەشیمانی و نەهامەتیت بەرێت و ژیانت تاڵ و بێ نرخ بکات .

منیش ئەم چەند دێڕەی کەناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەبابەتەکەوە هەیە تێکهەڵکێشی وتارەکەم کردو وتم :

 _ پێویستە مرۆڤەکان هەوڵ بدەن لەخەڵکانیتر نەچن و چاو لەکەسانیتر نەکەن لەزۆر ڕەفتارو شتەکانی ژیانییدا تۆ خۆت چۆنیت پێویستە وەکو خۆت بیت بۆ ئەوەی ون نەبیت و توشی کێشەی دەرونیی نەبیت چونکە ئەگەر مرۆڤەکان چاویان لەخەڵکانیتر کرد توشی گرفت و لاوازیی کەسایەتی دەبن و وەکو کەسێکیتر ڕەفتار دەکەن و خۆیان لەبیردەکەن ئەمەش دەبیتە هۆی هەڵە دروست بوون و لەباری دەرونی یەوە مرۆڤ نەخۆش دەکەوێت و ڕۆژبەڕۆژ لاواز دەبێت لەکۆتاییدا وەکو کەسایەتی لەڕوی دەرەوەو وەکو مرۆڤیش لەڕوی ناخەوە دەڕوخێت و نامێنێت بۆیە دەبێت مرۆڤ لەخۆی بچێت لەکەسیتر نەچێت . دەتوانین چاو لەکەسانی باشترو ژیرتر لەخۆمان بکەین و سودیان لێ وەرگرین بەڵام ناکرێت وەکو ئەوان بیت یان وەکو ئەوان خۆت نمایش بکەیت ئەگەریش ویستت لەکەسێکی تر بچیت بەدڵنیایی یەوە هەڵەیەکی گەورەت ئەنجام داوە وەکو کەسایەتی دەدۆڕێیت لەناو کۆمەڵگادا .

ئەگەر مرۆڤ کەسایەتی خۆی لەدەست دا بەدڵنیایی یەوە بەختەوەریش دەدۆڕێنێت و هەرگیز نابێتە کەسێکی جێگیرو دڵخۆش . لەکۆتایی ئەم بەشەدا دەڵێم :

_ بەڕای من ژیان فراوانەو لەیەک گۆشە نیگاوە ژیان نەبینین باشە بۆیە مرۆڤ و ژیان و ئەم سروشتەی کەدیبینین یان ئەم دونیایە زۆر فراوانترە لەوەی کەئێمە بیری لێ دەکەینەوە بۆیە بەختەوەریش بەیەک کارو بەیەک هەست و بەیەک هەڵوێست دروست نابیت بۆیە وتمان بەختەوەریی تەواو نان و ئازادیی و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و عەشقە  . . . !!! .

حەمید عەزیز

٢٠١٧ / ٠٢ / ٢٤  

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu