رۆڵێ خێزان لە کوردستان پەروەریی کوردیلەکانمان. . . رەزا شوان

کوردستانی نیشتمانی خۆشەویست جوانمان، ئەو ناوە پیرۆز و شیرینەیە، کە هەمیشە لە ناخی دڵمان و لە هۆش و بیر و خەیاڵمان دایە، بۆتە وێردی شیرینی هەمیشەی سەر زارمان. . کوردستان هەناسە و ژیانمانە. . پێناسە و ناسنامەمانە. . سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی رەنگین و قەشەنگمان. . ئەو هەست و سۆزە ناخییە بێوێنەیەمانە. . ئەو هاوبەستبوونە بەهێزە و رەگ ئەستوورەمانە. . کە هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان، نەیانتوانیووە و ناتوانن لە دڵی ئێمەی کوردستان پەروەردا هەڵیبکەنن یا کاڵی بکەنەوە. . بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ ئەم هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونەمان بۆ کوردستان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت.

ئەگەرچی سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستانمان، بۆماوە نییە کە لەدایکان و لە باوکانمانەوە بۆمان مابێتەوە. . بەڵام لەگەڵ لەدایکبوونماندا. . سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندییەکی رووحی لە نێوان ئێمەی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستانمان لەدایک بووە. . لەگەڵ لە دایکبوونماندا. . خۆشەویستییەکی لە رادەبەدەر بۆ کوردستانمان، لە ناخی دڵماندا بەرجەستەبووە و، چۆتە خوێنمانەوە. . تا ئەو رادەیەی کە کوردستان پەروەری بووە بە گرووپی خوێنمان. . لەگەڵ گەورەبوونمان سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان گەورەتر و شیرینتر بووە. . ئێمە هەردەم خۆمان بە قەرزاری کوردستانمان دەزانین. . لە ئامێزی گەرمی کوردستاندا گۆش و پەروەردە کراین. . لە هەوای پاکیمان هەڵمژی و هەڵدەمژین. . ئاوی شیرین وزوڵاڵی دەنۆشین. . لە خێر وبێری دەخۆین. . بۆیە سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان. . ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی هەموو کوردستان پەروەرێکی دڵسۆزە. . خەبات و تێکوشان و خۆبەختکردن لە پێناوی کوردستاندا پیرۆزترین و پێویسترین ئەرکی هەموو کوردێک و، هەموو ئەو نەتەوانەشن کە لە خاکی کوردستاندا دەژین و کوردستان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. . وەکو هاوڵاتییەکی بە ئەمەکی کوردستان، پێویستە خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت و، ئامادەبن کە بەرگریی لێبکەن.

دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، ئەو قەڵا سەخت بەهێز و خۆڕاگرەیە. . کە لەلەیەن خێزانە زیرەک و وریاکانمانەوە بەردی بناغەی دادەنراوە. . بە هاوکاری هەموو لایەک تا دێت بەرزتر و بەهێزتر دەبێت لەرووی داگیرکەرانی کوردستاندا.

بەبێ کوردستانی شیرینمان ژیان و بوونمان هیچ واتایەکی نییە. . کوردستان پیرۆزترین و گرنگترین و جوانترین نیشتمانە بە لامانەوە. . شەهیدبوونمان لە پێناوی کوردستاندا، لووتکەی دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستی و شکۆداری و سەربەرزی و سەروەری و نەمریمانە. . هیچ خۆشەویستییەک نییە کە بگاتە سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان. شاعیر و بیرمەندی کوردمان (پــــیرەمێر)ی نەمر دەڵێ:

کاولەکـــــەی وەتـــــەن هێـــــندە شـــــیرینە

ژاری دووپشــکی عەربـــــەت هەنگـــــوینە

ئەوانەی کە ناپاکی دەرهەق بە کوردستان دەکەن، ئەوانە سفڵە و نامەرد و ناپاکن. . مافی ئەوەیان نییە کە لە کوردستاندا بژین و. . بنێژرێن. . چونکە ناپاکی و نامەردی دەرهەق بە کوردستان گەورەترین تاوانە و نابێت لێیان ببوورین.

ئێمە لە بەرواری (٢٥/ ٧ / ٢٠١٥) دا، بابەتێکمان لەژێر ناوی (پێویستە منداڵەکانمان بە کوردستان پەروەری گۆشبکەین) کە لە چەند سایتێکی کوردیدا بڵاوکردەوە. . ئەم نووسینەشمان درێژەدانە بە نووسینی بەرواری ناوبراومان. . بەڵام لێرەدا جەخت لەسەر گرنگی و کارتێکرنی خێزانان کوردمان دەکەینەوە، لە گۆشکردن و پەروەردەکردنی کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان. . کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن. . بە هەست و سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانمان. . زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە ئەم هەست و هاوبەستەبوونە لە دڵی کوردیلەکانمان بڕوێنین.

خێزان یەکەمین قوتابخانە و، یەکەمین ژینگە و، نیشتمانی بچووکی منداڵە. . یەکەمین خشتی بناغەی کەسێتی و هاوڵاتیی باش لە لایەن خێزانەوە دادەنرێت. . بۆیە پێویستە خێزانانی کوردمان هەست بەم راستییە بکەن و، لە ئاستی بەرپرسێتیدابن، ئەوە بزانن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون. . چونکە کار و هەڵسوکەوت و رەفتار و قسەکانیان، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمان دەبێت. . لە روانگەی چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردنی راست و دروستی کوردیلەکانی ئەمڕۆمانەوە، دەتوانین گەشبین بین و پێشبینی و چاوەڕوانی لە داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان بکەین. . ئەم ئامانج و ئەرکەش،  تەنیا لە ئەستۆی خێزانەکاندا نییە، بەڵکو روواندنی هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کۆردستان لە دڵی کوردیلەکانماندا، کارێکی هاوکاریییە، ئەرک و بەرپرسێتی هەمووانە، لە ئەستۆی قوتابخانە و میدیا و راگەیاندن و پەرتووکخانەکان و دامەزراوە رۆشنبیری و هونەرییەکان و کۆمەڵگا و نووسەران و هونەرمەندان و هەموو کوردستان پەروەرێکە، کە لە خەمی هێنانەدیی داهاتوویەکی باشترن بۆ کورد و کوردستان. . پێویستە پرۆگرامەکانی خوێندن و پەرتووکەکانی خوێندنەوەش لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا، چەخت لەسەر ئەم ئامانجە بکەن و بەو بابەتانە بیان رازێننەوە، کە سۆز و هەستی خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمانی ئەمڕۆماندا بەهێزتر دەکەن، دڵنیاییمان پێدەبەخشن کە ئایندەی کوردستان گەشتردەبێت.

گرنگترین ئەرک و بەرپرسێتی خێزان ئامادەکردنی تاکە، بە تایبەتیش منداڵان، لە رووی جەستەیی و دەروونی و سۆزداری و رەوشتی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەوە، لە رێگای گۆشکردنیان بە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنیان لە ژیانیاندا و، لە شێوازی کار و هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیان لە نێو کۆمەڵدا. . هەمیشە هاندەریان بن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان. . پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ دابین بکەن.

هەرچەند خێزانەکانمان سەرقاڵی ئیش و کار و دابینکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیان و گوزەران بن. . بەڵام نابێت ئەمە بکەن بە بیانوو و پاکانەکردن و پاساوهێنانەوە، بۆ پشتگوێخستن، یا کەمتەرخەمیکردنیان لە پەروەردەکردن و رێنمایی و لە راهێنانی پێویست و دروستی کوردیلەکانمان.

بۆ پێگەیاندنی کوردیلەکانی ئەمڕۆمان، بە سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی جوانمان. . پێویستە خیزانی کوردمان ئەم رێباز و شێوازاە پەروەردەییانە بگرنەبەر:

١ـ بەر لە کوردیلەکانمان. . پێویستە دایکان و باوکان، خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت و، لە کار و هەڵسوکەوت و رەفتار و قسەکانیاندا بە ئەرینی و بە کرداری بەرجەستەبووبن. . ئەوسا دایکان و باوکان دەتوانن ببن بە نموونە و پێشەنگ بۆ جگەرگۆشەکانیان. . چونکە خۆشەویسی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان بە قسەی رووت و دروشمی بریقەدار ناڕوێن. . بەڵکو بە کار و رەفتا و قسەی پراکتیکی دەبن بە پێشەنگ و، ئەوسا دەتوانن بە راستی و دروستی، خۆشەویسی و هاوبەستەبوون لە دڵی کوردیلەکانمان بڕوێینن.

٢ـ پێویستە دایکان و باوکان و بەخێوکەران، ئەوە بۆ کوردیلەکانمان روون بکەنەوە، کە بۆچی پێویستە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان هەبێت. . ؟

٣ـ فێری کوردیلەکانمان بکەن کە و مافیان هەیە. . هەروەها بەرانبەر بە کوردستانیش ئەرکیان لە ئەستۆدایە. . جێبەجێکردنی ئەرکەکان لە پێش مافەکانەوەن.

٤ـ پیویستە لەسەر خێزانانی کوردمان، ئاڵای کوردستان، کە هێمایەکی بەرزی نەتەوەیی و سەربەرزی و سەروەری و شکۆداریمانە. . هەر لە منداڵییەوە لە دڵی کوردیلەکانمان خۆشەویست و شیرینی بکەن و، رەنگەکانیان بۆ روون بکەنەوە و. . لە کاتی هەڵکردن و داگرتنیدا. . بە ئەوپەڕئ رێز و نوازشەوە. . دەستی راستیان لەسەر دڵیان دابنێن و بە ئەوپەڕی رێزەوە رابوەستن و، سڵاوی لێبکەن.

٥ـ پێوویستە هەر لە منداڵییەوە. . فێری چڕینی مارشی نەتەوەییمان سرووودی (ئەی رەقیب) یان بکەین. . هەروەها فێری ئەو سروود و هۆنراوانەشیان بکەین کە سۆز و خۆشەویستیەکی زیاتر بۆ کورد و کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان دەڕوێنن.

٦ـ فێریان بکەن کە شارەزاییان لە مێژوو و جوگرافیای کوردستاندا هەبێت و. . بە شێوەیەکی ساکار و ئاسانیش باسی شۆڕشەکانی گەلی کوردمانیان بۆ بکەن.

٧ـ فیریان بکەن کە رێز لە سەرکردە و ناودارانی کوردمان بگرن و شانازیان پێوەبکەن چ پیاوان چ ژنان، بۆ وا ناسران و ناوداربوون و چییان بۆ کورد و کوردستان کردووە؟

٨ـ فێریان بکەن کە رێز لە یاساکان و لە دەستووری کوردستان و قوتابخانە بگرن و، سەرپێچییان لێنەکەن. . رێز لە کەلەپوور و لە بەها پیرۆزەکانی کوردستان بگرن.

٩ـ پێویستە لە بۆنە نەتەوەیی و کوردستانییەکانمان، کوردیلەکانیشمان بەشداربن و. . جلوبەرگی کوردییان لەبەر بکەن. . رۆڵیشیان هەبێت. . وەکو (جەژنی نەورۆز، رۆژی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی جلوبەرگی کوردی، رۆژی کیمیاباران و مەرگەساتی هەڵەبجە و، یادی ئەنفال، یادی راپەڕینی باشووری کوردستان، . . . هاد)

١٠ـ پێویستە خێزانە کوردەکانمان هانی کوردیلەکانمان بدەن، کە پەیوەندیی هاوڕێتی بگرن و، هەموو هاوکوردستانییەکی دڵسۆزیان خۆشبوێت و بە خوشک و برا و هاوڕێی کەسوکاری خۆیانیان بزانن. . هەستی هاوکوردستانی و هاوخوێنیان لایان بڕوێنن.

١١ـ پێویسە دایکان و باوکان یا قوتابخانەکانی کوردستان کوردیلەکانمان بەرن بۆ ئەو شوێنانەی کە هەست و خۆشەویستی و جوانی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان شیرینتر و خۆشەویستر دەکەن. . وەکو: (شوێنەوارە مێژوویەکانمان، مۆزەخانەکانەکانمان، پێشانگا هونەرییەکانمان، هاوینە هەوارەکانمان، . . . هاد)

١٢ـ بردنی کوردیلەکانمان بۆ بینینی ئەو شانۆگەری و فیلمە سینەمایی و ئاهەنگی گۆرانی و شایی و هەڵپەرکێ و یاریی وەرزشی، کە سۆز و خۆشەویستی و کوردستان پەروەریی لە دڵی کوردیلەکانمان زیاتر دەخرۆشێنن.

١٣ـ پێویستە میدیاکان (تەلەفزیۆنە کوردییەکان ـ ماوەی منداڵان) و راگەیاندنەکان و دەزگا رۆشنبیرییەکان (گۆڤارەکانی منداڵان) تەواوکەری رۆڵی خێزان بن و. . بابەت و پرۆگرامەکانیان بەو ئاراستەیەدابن، کە خۆشەویستییەکی زیاتر و هاوبەسەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان شیرینتر و بەهێزتر بکەن.

١٤ـ نووسەرانی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان (چیرۆکنووس، هۆنراوەنووس، شانۆنووس، پەخشاننووس، رۆماننووس) رۆڵیان هەیە لە هاوکاریکردنی خێزان و قوتابخانەدا، بۆ روواندنی هەستی ئەرێنی و، زیاتر خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان. . لە دڵی کوردیلەکانمان.

١٥ـ هاندنی منداڵان بۆ گوزارشکردن لە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان، بە قسە یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان. . یا بە هەر چالاکییەکی تر.

١٦ـ گێڕانەوە یا خوێندنەوەی ئەو چیرۆکە مەبەستدارانە بۆ کوردیلەکانمان، کە دەربارەی خەبات و تێکۆشانی سەرکردە نەمرەکانمان. . یا دەربارەی قارەمانێتی و داستانەکاننی پێشمەرگەی کوردستان نووسراون.

١٧ـ پێویست پەرتووکخانەکانی ماڵەوە و قوتابخانە و پەرتووکخانە گشتییەکان، بە ئەو کتێبە و گۆڤار و کاسێت و سیدی و میمۆرییە کوردییانە دەوڵەمەند بکرێن، کە سۆز و خۆشەویستیان بۆ کوردستان لە خۆگرتوون. . بە تایبەتیش بەشی منداڵان لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکانی کوردستاندا.

١٨ـ پێویستە لە ژوورەکانه کوردیلەکان و لە پۆلەکانی قوتابخانەکانیشدا. . نەخشەی کوردستان و دیمەنە رەنگاوڕەنگە قەشەنگ و جوانەکانی کوردستان و وێنەی سەرکردە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان هەڵبوسراێن. . هاندەرن بۆ خۆشەویستییەکی زیاتر و بۆ هاوبەستەبوونێکی بەهێزتر بۆ کورد و کوردستان.

١٩ـ پێویستە دایکان و باوکان، راستەوخۆ لەگەڵ جگەرگۆشەکانیان، دەربارەی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان بە ئاسانی باس بکەن.

٢٠ـ چاندنی رووحی یەکێتی کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان. . ئەوەیان بۆ باس بکەن کە کوردستان لە ئەوپەڕی باکوورییەوە تا باشووری لە رۆژهەڵاتییەوە تا رۆژئاوایی یەک کوردستانە و خاکی پیرۆزی هەموو کوردێکە و، گەلی کوردیشمان یەک گەلە.

٢١ـ پێویستە کوردیلەکانمان لە ململانێی حیزبی و لە عەشیرەتگەری و ناوچەگەری دووربخرێنەوە. . هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت. . هەردەم بەرژەوەندیی باڵای کورد و کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکیانەوە بێت.

٢٢ـ هاندانی کوردیلەکانمان، بۆ بەشداریکردن لەو پرۆژە خۆبەخشانەی کە سوود بە کوردستان و بە گەلەکەمان دەبەخشن. . وەکو كۆمەڵکاری بۆ پاکردنەوەی سەیرانگان، کومەک کردن بۆ یارمەتیدانی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە. . کۆکردنەوەی جلوبەرگ بۆ منداڵانی خوشک و برا کوردە لێقەوماوەکانمان، . . . هاد.

لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێین، کە چاندنی هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا بنیات نانرێت، بەڵکو پێویستی بە پشوودرێژی و وریای هەیە. . بە هەوڵ و کۆششی و هاوکاری هەموو لایەنەکان بنیات دەنرێت.

لە نووسینی داهاتووماندا، باس لە رۆڵی قوتابخانە دەکەین لە چاندنی خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانمان.

رەزا شوان

نەرویـج: ٢٠١٧

   

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu