ئەردۆگان دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتییە. . رەزا شوان

ئەگەر بە مێژووی چەند ساڵێک بەر لە ئێستادا بچینەوە، ناوی چەند دیکتاتۆرێکی دڕندە و ستەمکار دەخوێنینەوە، لەوانەش: جۆزیف ستالین ـ روسیا، ئەدۆلف هیتلەرـ ئەڵمانیا،
عیـدی ئەمین ـ ئۆگەنـدا، کیم ئیل سۆنگ ـ کۆریـای باکوور، سەدام حوسێن ـ عـێراق، موعەمەر قـەزافی ـ لیبیا، ئەمانەوە چەندین دیکتاتۆر و ستەمکار و خوێنڕێژی تر.
ئەم دیکتاتۆرانە هەموو دەسەڵاتێکی وڵاتەکانیان پاوەندکردبوون، بە ئاگر و بە ئاسن و بە کوشتن و بە ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان رەفتاریان لەگەڵ گەلەکانیان دا دەکردن، بە ملیۆنان کەسیان کوشت و بە کوشتیانیان دان، بە ملیۆنان کەسیان بە ئەشکەنجەدان و بە کیمیاباران کوشتن، هەر لە سایەی دڵڕەقی و بێویژدانی و نامرۆیی ئەمانەدا، بە ملیۆنان کەسی هـەژار و نەبوون لە برسا مردن. . لە راستی دا، ئەم دیکتاتۆرانە تووشی لەخۆباییبوون و نەخۆشی شێتی خۆبەگەوەرەزانین و نەخۆشی سیکۆپاتی ببوون. خۆیان لە سەرووی هەموو خەڵکییەوە دەزانی، لە هەموو کەسێکیش خۆیان بە زاناتر و بە داناتر و بە دەسەڵتتر دەزانی. . رەخنە و دژەڕایان لەکەس قبووڵ نەدەکرد.
ئەم سیکۆپاتییانە، چێژ و خۆشیەکی زۆریان لە شەڕ و لە وێرانکردن و لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بێدەرتان دەبینی، تەر و وشکیان دەسووتاند. بە شێوەیەکی رەها حوکمڕانیان دەکرد و بڕیاریان دەدا. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەش رەفتاریان دەکرد.

سیکۆپاتی، نەخۆشییەکی ئەقڵي یە، لە دوو بڕگە پێکهاتووە، سیکۆ بە واتا دەروون، پاتی واتا کەسی تووشبوو بەنەخۆشییەکی دیاریکراو. . سیکۆپاتی لادانە لە رەوشت، بە زۆریش بە (لادانـی سیکۆپاتی) ناوی دەبەن.
کەسی سیکۆپاتی کەسێکە گوێ بە بەرپرسێتی نادات، گوێش بە هەست و بە سۆزی کەسانی تر و بە هیچ بەهایەکی رەوشتی و نەریتیی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئاینی نادات. . سیکۆپاتی تەنها خۆشییەکان و رابواردنی خۆی بەلاوە مەبەست و گرنگە. . چێژ و خۆشییەکی زۆر لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی ئازادیخـوازان و ئاشتیخوازان و لە ناوبردنی دژەهاوڕاکانی و وێرانکردن و سووتاندن دەربەدەرکردن و چەوسانەوە و برسیکردنی خەڵکی وەردەگرێت.
لە لایەکی کەشەوە، سیکۆپاتییەکان، رەگەزپەرست و دەمارگیر و درۆزن و دووڕوون و رەوشت نـزم و هەوەسبازن، بە ئاشکرا و بەبێ شەرم، تاوانە قێزەوەنەکانیان ئەنجام دەدەن، شانازیش بە تاوانەکانیانەوە دەکەن. . ئەو راستیەش باش دەزانن کە لەم رەوشتە ناهەموار و لە کردار و تاوانانەیان، هیچ سوودیکیان لێدەست ناکەوێت. . شەرمیش لەوە ناکەن کە بە دیکتاتۆر و ستەمکار و بکوژ و سیکۆپاتی ناویان بەرن.
دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆش، لەسەر هەمان رێبازی دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەڕۆن. ئەمانیش دەسەڵاتیان قورخکردووە، لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، بە هەموو شێوەیەک گەلەکانیان دەچەوسێننەوە، سەرکوتی ئازادی و دیموکراتیییان کردووە، پەخشان و تەخشان بە سامانی گەلە برسییەکانیان دەکەن. . تا ئەمڕۆش بە لۆژیکی هێز و لەشکرتاری و کوشتن و کاولکردن و ویرانکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و فـزەبڕین، لەگەڵ ئازادیخوزان و مافخـوازان دا رەفتاردەکەن.

زۆر بە داخەوە، کە گەلی ئازادیخواز و مافخواز و ئاشتیخواز و ژیانخوازی کوردمان ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، زۆرترین ستەم و کۆمەڵکوژی و رەشەکوژی و زیندەبەچاڵی و ئەشکەنجەدان و تاڵانی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەری و سەرگەردانی و کاولکردن و چەوسانەوە و کوێرەوەری و نەهـامەتی و هـەژاری و برسێتی و لە سایەی رەگەزپەرستە داگیرکەرانی کوردستان دا بینیوە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. . ئەم داگیرکەرە سیکۆپاتییەنەی کوردستان، لە جیهان دا، لە دڕندەیی و دڵڕەقی و ستەم و بێویژدانی و نامرۆیی و نامەردی دا وێنەیان نییە.

یەکێک لەم دیکتاتۆرە رەگەزپەرست و سیکۆپاتییە داگیرکەرانەی ئەمڕۆی کوردستان
دیکتاتۆری لەخۆبایی و رەگەزپەرست ئەردۆگانە، کە تووشی لە خۆبایی و نەخۆشی خۆبەگەورەزانین بووە، تووشی كوردفۆبیا بووە، تەنانەت سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد و لێیدەڕەوێتەوە. سەر زمانی و بن زما ی دژایەتیکردنی کوردە، لە هەر شوێنێکی کوردستان دا بێت. . ئەردۆگان لە پێناوی پەیداکردنی لایەنگیری دژ بە کورد، سەردانی چەند وڵاتێکی کرد تەنها بۆ ئەوەی لە دژی کورد بدوێت. . ئەردۆگان ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە ئامادەیە بچێت بۆ سوریا و دەستی بخاتە نێو دەستی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد و پێکەوە و بە هاوکاری تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق، لە هاوشێوەی ئەو گەلەکۆمەییەی کە بە سەر پشتی تازەترین تانک و زرێپۆشی ئەمریکییەوە و بە رۆژی رووناک و بە بەرچاوی ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕدانە و نامەردانە لە رۆژی
(١٦ي/ ئوکتۆبەر/٢٠١٦) دا کردیانە سەر باشووری کوردستان و شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین و چەند شار و شارۆچکەیەکی تریان داگیرد. . بە دەیان کوردی سڤیلیان کوشت و بە دەیان خانوو و کۆگا و بازاڕی کوردیان سووتاند. . بە سەدان ماڵی کوردیان تاڵان کرد. . بە هەزاران خێزانی کورد لە کەرکوک و خورماتوو ئاورەبوونە و تا ئێستا لە ترسی هەڕەشەکانی حەشدی وەحشی نەگەراونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. لە لە هاوشێوەی ئەو ژینۆسایدەی خورماتوو و کەرکوک، ئەم داگیرکەرانەی کوردستان، بە ئاشکراو و بە هەمان شێوەی ئەو تاوانەیان، هەرچواریان خەریکی پیلان داڕشتنن، بۆ گەلەکۆمەکردن و هێڕشکردنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، شار و شارۆچکەکانی و داگیربکەن و تاڵانی بکەن و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەکی تری کورد بکەن و ئەوەشی بمێنێتەوە ئاوارە و دەربەدەر و سەرگەردانیان بکەن و ماڵ لە خاوەن ماڵحەرام بکەن. . ئەم داگیرکەرە دڵڕەق و بێویژدان و دڕندە و نامەردانەی کوردستان، تا سەر ئێسقان رەگەزپەرست و مەزهەبپەرست و کەسنەویستن و دژایەتی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردمان دەکەن. . ئەمانە بە کوشتن و داگیرکردن و خوێنڕشتن و وێرانکردن و دزی و تاڵانی گۆش و پەروەرە کراون. . ئەو خەسڵەت و تاوانە قێزەوەنانە، بۆونە بەشێک لە کولتوور و لە خەسڵەت و لە رەوشتیان، بوونە بە ناسنامە و پێناسەیان.

ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی، رۆژ نییە بە تازەترین چەک، بە تازەترین هێلیکۆپتەر و تانک و زرێپۆش و فرۆکەی ئێف شانزە، بە لەشکرێکی زەبەلاحەوە هەڵنەکوتێتە سەر شار و شارۆچکەکان و دێیەکانی باکووری کوردستان، بە توومەتی بێ بنەمای هاوکاری کردنیان لەگەڵ پەکەکە. بە دەیان کوردی سڤیلی بێتاون و بێدەرتانیان کوشت و دەکوژن و بە دەیان مێردمنداڵ و لاوی کوردیان بەندەکردوون و پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیان دەدەن، رۆژانەش بێ دەست پاراستن، دێهات و شارۆچکە و ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان و تۆپاران دەکەن.

ئەردۆکان وەک هەر دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتی، چێژ و خۆشییەکی زۆر لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی کورد و لە کاولکردنی کوردستان وەردەگرێت. ئەوەی بە دڵی نەبێت و ملکەچی رای رەگەزپەرستی نەبێت. . بوختان و توومەتێکی بۆ هەڵدەبەستێت و تاوانی ناپاکی دەخاتە پاڵی و رەوانەی زیندانی دەکات. . ئەردۆگان متمانەی بە نزیکترین هاوڕێی خۆشی نییە. . ئەردۆگان درێژە بە بە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنه ئەتاتورکی گوڕبەگوڕ دەدات. . ئەردۆگان دان بە بوونی بیست و پێنج ملیۆن کـورد لە باکووری کوردستان دا نانێت. . فرە نەتەوەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مـرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن و ئـازادی و دیموکراتی و رۆژانەمە و رای جیاواز بوونیان لای نییە. . لە سایەی پاوەنکردنی دەسەڵات دا لە خۆی و بنەماڵەکەی و لە پارتەکەی، تورکیا بووە بە زیندانستان بۆ ئازدیخـوازان و دیموکراتیخوازان و ئاشتیخوازن. . هەر لە سایەی ئەردۆگان دا، سیاسەتی ناوە و دەروەی تورکیا تووشی شکستی و تەریکی بۆتەوە، تابێت لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورگیا دا، نەیاریان زیاتر دەبێت. بەم پاشەڵە پیسەیەوە، دەیەوێت تورکیا ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا؟!

لە عێراقی ئەمڕۆش دا، بە شێوەیەکی نوێ دیکتاتۆر و دیکتاتۆریەت و قورخکردن و خۆسەپاندن، سەریان هەڵداوەنەتەوە. دەسەڵاتدارە ئەڵقە لە گوێیەکانی ئێران لە عێراق دا، هەوڵی برسیکردنی کورد دەدەن و دان بە مافە رەواکانی کورد دا نانێن. . دەیانەوێت کورد و پەراوێز بکەن، فیدراڵیەتی کوردستان وەکو حوکمزاتییە کارتۆنییەکەی کاتی سەدامی گۆڕبەگۆڕی لێبکەن. ناوێکی بێ ناوک بێت. . حکومەتی عێراق ناتەبایی و نا یەکڕیزی و پەرتەوازەیی و فرەکوێخایی و حوکمڕانی شکستخواردووی کوردیان قۆستوونەتەوە. حەیدەر عەبادیش بە بەڵێنی درۆ و بێ کردار، دەستی دەستی بە کورد دەکات. . دەیەوێت درزێکی گەورەتر بخاتە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و، کار بە سیاسەتی ـ پەرتکە و زاڵبە ـ دەکات. عەبادی درێژە بە دژایەتیکردنی خواست و مافەکانی کورد دەدات. . دەیەوێت دژایەتیکردنی کورد بکات بە فاکتەرێک، بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. . بەرانبەر بە کورد دەیەوێت، بە لوژیکی هێز و داپڵۆسین و سەرکوتکردن کاربکات. . هەر ئەم ئەقلییەتە رەگەزپەرستییە شۆڤێنییە بوو، سەری سەدام حوسێنی خوارد. . بێگومان سەری سەدامەکانی دوای ئەویش دەخوات. . هەرگیز کێشەی رەوای کورد بە هێز و بە لەشکركێشی چارەسەرناکرێت، بەڵکو بە گڤتوگۆی جدی و بەدانان بە مافە رەواکانی کورد چارەسەردەکرێت. . بۆیە پێویستە عەبادی پەند و وانە لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی وەربگرێت و بە خۆیادا بچێتەوە. . ئەگینا سەقامگیری و ئاشتی لە عێراق دا نابینن.

من لە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ و داهاتووی عێراق گەشبین نیم. . چونکە دەسەڵاتدارانی شیعە درێژە بە هەمان پیلانە گڵاوەکانی بەعسییەکان دەدەن. . دەیانەوێت حوکمڕانی ناوەندی و تاکڕەوی و تایفی شیعی بێت. . دەیانەوێت بە زۆر خۆیان بسەپێنن و بەرەو دیکتاتۆریەت مل بنێن. . دەیانەوێت سەرکوتی ئازادی و دیموکراتی و هاوبەشی و پێکەوژیان بکەن و ناوچەیەکی زیاتری باشووری کوردستان بە عەرەب و بە شیعە بکەن. . بۆ درێژەدان بە نیاز و پیلانە گڵاوەشیان، ئێران و تورکیا، هاندەر و پاڵپشتیانن، هەموو یارمەتییەکی لۆژیکی و سەربازی و سیاسییان دەدەن. . بە تایبەتیش کە سوپای عێراق بۆتە سوپایەکی شیعە و بە هەزارن، چەکداری حەشدی وەحشیشیان هەیە، کە بۆ مەبەستی سەرکوتکردنی کورد و عەرەبی سوننە بەکاریان دەهێنن. . کە تاێستا چەندین تاوانی قێزەوەنیان دەرهەق بە کورد و بە سوننەی عەرەب ئەنجام داون. . ئەو تاوانە نامەردی و بێڕەوشتییانەی کە سوپای عێراق و حەشدی وەحشی تورکمانی لە کەرکوک خورماتوو دا ئەنجامیان دان، ژینوسایدن و تاوانی جەگ و بێڕەوشتی و نامەردین. . بە داخەوە کە بە چاوی هێزەکانی هاوپەیمانان و سۆپای ئەمریکا و بە بەرچاوی یوئێن نەوە ئەنجامیان دان، بەڵام چەند جارێکی تریش ئەم قسەیەمان وتووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ئاستی ئەو تاوانانەی بە بەرچاویانەوە، داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە گەلی کوردی بێتاوانمان دەیکەن: کوێـرن، کـەڕن، لاڵـن، ویـژدان مـردوون. . ؟!

نەرویـج: ٢٠١٨

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu