کەوتوومە کێشەوە و تکایە هاوکارمبن ... سوورە مەرگەیی

 کێشەی من ئەوەیە نازانم کێ گەندەڵە و کێش گەندەڵی بنبڕ دەکات, ئەوەندەی سەری خۆم دێنم و دەبەم لەم وڵاتە گەندەڵێک نابینم و هەرچی دەیبینم دژی گەندەڵی دەدوێ و خۆی بە وەستای بنبڕکردنی گەندەڵیش ناو دەبات, ئێ کەوایە گەندەڵەکان خۆیان لە کوێ حەشار داوە؟ تۆ بڵێی: گەندەڵەکان جنۆکە بن و نەیانبینین؟! ئەی کە هەموو دژی گەندەڵی و چاکەخواز بن کەواتە گەندەڵی بوونی نییە و ئەو هەموو هاتوهاوارەی بوونی گەندەڵی بۆچی. خەڵکینە ناهەقم مەگرن کە دەڵێم: کەوتوومە کێشەوە و هاوکارم بن, کێشەی من ئەوەیە چاک و خراپ, پاک و پیسیان لێ تێکەڵ کردووم و هەرچی دەکەم بۆم لێک جیا ناکرێنەوە, ئەوانەی زیاتر هاواری بوونی گەندەڵی و پرۆسەی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن, پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسە باڵاکانن, پەرلەمانتار هەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیگوت: چۆن دەبێ پەرلەمانتار (٦٠٠٠٠٠٠) شەش ملیۆن دینار وەربگرێ و کارمەندێک (٥٠٠٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار وەربگرێ؟! وە دەیگوت: دەبێ هەموومان وەک یەک بژین و چۆن دەبێ مووچەی پەرلەمانتارێک ئەوەندەی مووچەی (١٢ تا ١٥) فەرمانبەر بێت؟! ئێستا کە خۆی پەرلەمانتارە ناڵێ با مووچەی پەرلەمانتار کەم بکرێتەوە, دەڵێ: نابێ قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و مووچە و بودجە بڕینی بەغدا بکرێنە بیانووی نەدان و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران, دەبێ مووچەیان بۆ زیاد بکرێ و لە کاتوساتی خۆیدا مووچە بدرێ, یان ژن و مێردێک مانگانە (١٤٠٠٠٠٠٠) چواردە ملیۆن دینار وەردەگرن و لە هەموو کەسیش زیاتر باسی گەندەڵی دەکەن و ناوە ناوەش بۆ چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی پرۆژە و پێشنیار پێشکەش دەکەن. جیا لەوەش کێشەیەکی ترم ئەوەیە, بە راستی گەندەڵکارە گەورە و راستەقینەکان پێناسەی گەندەڵیان لێ شێواندووم, ئەرێ بە راست خۆ دزینەوە لە شەڕی داعش گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ ناوبردنی پێشمەرگە بە میلیشیا و ترسنۆک و هەڵاتوو گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ سوکایەتی کردن بە دایک و خوشک و هاوسەری شەهیدان گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ لە بەغدا هاودەنگ بوون لەگەڵ فراکسیۆنی نوری مالیکی و حەنان فەتلاوی گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ لە دەرفەتێکی لەباری وەک ئێستادا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رووی دۆزی کورددا کراوەتەوە و شاندی هەرە باڵای وڵاتانی زلهێز بە پۆل روو لە هەولێر دەکەن, گەڕانەوە بۆ بەغدا گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ بێدەنگ بوون لە هەڕەشەکانی قەیس خەز عەلی و نوری مالیکی و ئەبوئیزرائیل و حەنان فەتلاوی گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ داواکردن بۆ یەکگرتنی شیعە و سوونە بۆ پاراستنی کەرکوک و دەرهێنانەوەی لە دەستی کورد گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ دەنگدان بە حەشدی شەعبی و پشت لە پێشمەرگە کردن گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ پشتیوانی لە پرۆسەی بایکۆت و بەکارهێنانی چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو وەک کارتی گوشاری سیاسی گەندەڵی نییە؟! + ئەرێ و ئەرێ و دەیان ئەرێی تر گەندەڵی نین؟! کە دەڵێم: کەوتوومە کێشەوە و تکایە هاوکارم بن ناهەقم مەگرن, چونکە ئەوەتا گەندەڵی و خیانەت, گەندەڵکار و خیانەتکارم لێ تێکەڵ بوون, ئاخر ئەو خاڵانەی لە دوایی خستوومنە روو هەموویان خەتا و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانین و هەر کەس و لایەنێک پێیان هەستێ خیانەتکارە و لەبەردەم مێژوو بەرپرسیار دەبێ.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu