بۆ حامدی گەوهەری لەهەرکوێ هەی لە گۆی زەوی ... محەمەد مەندەلاوی

ئەمە دەمیکە سەرقاڵی چەند کارێکی نووسینم، لەبەر ئەم سەرقاڵبوونە کاتم نەبوو سەردانی وێب سایتەکان بکەم، بەڵام ئەمڕۆ کە چەند کاژێریک کاتم هەبوو چوومە ناو چەند وێب سایتیکی کوردی، بەڕێکەوت چاوەم کەوت بە وڵامدانەوەکەی حامدی گەوهەری بە ناوی:" بە درۆ و چەواشەکردن گەل ڕزگار نابێت وڵامێک بۆ محەمەد مەندەلاوی" ئەم وڵامەی گەوهەری لەسەر وتارەکەم بوو کە پێش چەند مانگێک بەم سەروتارە بڵاوم کردەوە:"مێوانداری گروهبان حامیدی گەوهەری بە بۆنەی ١٦ی ئابەوە بە ناوی مێژوونووس!!" ئێستایش وڵامەکەی کاکە حامیدی گەوهەری بەڕێکوپێکی ئەخوێنین و پاشان خاڵ لە دوای خاڵ وڵامی دەینەوە تا ئاسوودە بێ.

هەڤاڵ گەوهەری لەسەرەتای وڵامەکەی داوا لێم ئەکا پەڕتووکەکانی بخوێنم کە ناوەکانیان بۆم نووسیوە. منیش چاوێک بە ناوەکانی پەڕتووکەکانی هەڵدام بینیم ناو پەڕتووکەکەی هەڵەیە ئیمجا ناوە ڕۆکەکەی چۆنە؟! لە سەروتاری ناوی پەڕتووکەکەی ناو کۆمەڵە ژیانەوەی کورد بە کورتی "ژ- ک" شێوەی خوێندنەوەی:"ژێ کاف" لە ساڵی (١٩٤٢)ی زایینی دا لە شاری مەهاباد پێکهات و لە ساڵی (١٩٤٥)ی زایینی دا بە دمەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستان هەڵیوەشانەوە. بەڵام هەڤاڵ گەوهەری بەپێچەوانەی مێژوو و وتەی زۆربەی زۆری مێژوو نووسانی کورد کردویەتی بە "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان!!" دیارە گەوهەری هێشتا نازانی جێوازی لە نێوان گەل و وڵات چەندە و چۆنە!! هەڤاڵ، کورد گەلە و کوردستان وڵاتە؟عەرەبەکان درۆ ناکەن کاتی ئەڵێن:"الکتاب باین من عنوانە = ناوەرۆکی پەڕتووکەکە لە ناوەکەی دیارە؟".

لە خاڵێکی تر گەوهەری ڕایگەیان:" هەموومان دەزانین کە مەلا مستەفا بارزانی دوای شەڕێکی دوو ساڵە و شکانی شۆڕشی دووەمی بارزان، ڕۆژی ١١/١٠/١٩٤٥ ناچار بوو لەگەڵ شێخ ئەحمەد و زۆربەی عەشیرەتی بارزان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشە بکات".

وەڵاممان بۆ گەوهەری لەسەر خاڵەکەی سەرەوە بەم شێوەیە: گەوهەری ڕایگەیان کە شۆڕشەکە شکەستی خۆرد، پاشان لە درێژەی هەمان خاڵ ئەڵێ بارزانی لە گەڵ زۆربەی خێڵی بارزان پاشەکش کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جەنابی گەوهەری وەها نیشانی ئەدا کە بێجگە لە بارزانیەکان کوردانی تر لە گەڵ بارزانی نەبوون کاتی کە کێشایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان!! خوێنەری هێژا ئەتۆ تەماشای قسەکانی گەوهەری بکە هەرگیز لەیەک ناچێ. لە هەمان خال ئەڵێ: شۆڕشەکە شکا! پاشان یەکسەرە ئەڵێ پاشەکشی کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان! هەڤاڵ گەوهەری، شۆڕش کاتی ئەشکێ چەک دائەنا و خۆبەدەستەوەئەدا وەکو ساڵ (١٩٧٥)ی زایینی دا پاشەکشی ناکا، مەگەر پاشەکشی لە هەمان سنوور و هەمان خاک و وڵات ئەبێ بە شکاندن!! ئەتۆ ئەڵێ پاشەکش کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ناوە هینی وڵاتیکە کە سێ بەشی تری ماوە ئەوەیش باشوورە و باکوور و ڕۆژئاوا؟ ئایا ئەم چوار ئاقارە لەناو یەک وڵات نییە کە ناوی کوردستانە؟ بارزانییش لە باشووری وڵاتی خۆی پاشەکشی کرد بۆ ڕۆژهەڵاتەکەی؟ دیارە لای گەوهەری تەنانەت بەناو ئەڵێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لەناخی دڵەوە وەکو داگیر کەران بیر ئەکاتەوە باوەری بەو سنوورە دروستکراوەیە کە سونگی تفەنگی داگیر کەران هێڵی کێشاوە. باشە هەڤاڵ گەوهەری، مەگەر ئەمڕۆ پارتی کارکەرانی کوردستان (پ. ک. ک) لە باشوور نییە لەسەر خاکی وڵاتی کوردان و شەڕی قەوارەی تورکیای تورانی ئەکا، ئایا (پ. ک. ک) شکاوە و خۆی بەدەستەوەدایە!! یان حزبی دیموکراتی کوردستان بە ئێرانیەکەی و بێ ئێرانیەکەی هەروەها کۆمەڵەکان ئایا هەموو ئەمان شکاون کە کێشانەوە بۆ باشوورت وڵات!! یان پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان مەگەر هەموویان لە باشوور نیین و لەڕۆژئاوایش بوونیان هەیە، ئایا ئەمان شکاون!! یان لە هەفتاکان و هەشتاکان دا مەگەر خودی یەکێتیی و پارتی لە ڕۆژئاوای کوردستان نەبوون و شەڕی عێراقیان کرد، ئایا ئەمان دیسان شکا بوون!! ئایا لەبیرت چوو کە بەهێز کردنی بۆچونی خاک ئەرکی نووسەرە بە نوکە پێنووسەکەی جێگیری بکا لە مێشک و ویژدانی هاووڵاتی کورد؟ خوێنەری هێژا با بزانین بەڕێز (مەسعوود بارزانی) لەم بوارەوە لە پەڕتووکەکەی کە بە زمانی عەرەبیە بە ناوی (البارزاني والحركة التحررية الكوردية = بارزانی و بزوتنەوەی ئازادی خوازی کورد) (١٩٤٣-١٩٤٥) چێ پیمان ئەڵێ، ئایا بەڕاست شۆڕشەکە شکا لە بەرانبەر سوپای داگیر کەری عێراق و بەریتانیا، ئەڵێ: بڕیاری کشانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئامانجی بارزانی ئەوە بوو بەدی هینانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد. بەڵام کاتی کە بارزانی بینی شەڕەکە بوو بە شەڕیکی ناو خۆ لە نێوان خودی کوردەکان و سەرۆک خێڵە کوردیەکان سوێند و پەیمان لەبیر کردن و کەوتنە پێش سوپای داگیرکەر و شەڕ لە گەڵ شۆڕشگیرانی کورد ئەکەن. بارزانی لەم بارودۆخە بینی کە شەڕ کردن لەگەڵ داگیرکەر سەختە، لەبەر ئەم هەلومەرجە کەوتە راوێژکردن لەگەڵ کۆمیتەی ئازادی و پاش قایل بوونی شێخ ئەحمەد بڕیار درا پێش بەفر بارین و بەستنی ڕێگا و بانەکان و گەمارۆدانی دەڤەرەکە لەلایانی دوژمن و سرۆشتەوە بکێشنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بارزانی فەرمانی دا بۆ فەرمانڕەواکانی هێڵی بەرەنگاریی جەنگ پاش خالی کردنی خێزانەکان لە دەڤەرەکە بکێشنەوە بۆ سنووری ڕامیاری ئێران. ئەگەر بەهەڵە نەچووم لەم بابەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ "ژ. ک" و شۆرەوییش کرا و ئەوانیش قایل بون کە بکێشنەوە تا ئەم هێزە بە ئەزموونە بپارێزن بۆ پشتگیری لە میری نیشتمان پەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە کۆتایی مانگی ئەیلول شۆڕشوانان دەست کردن بە کێشانەوە بەم شێوەیە:١- هێزیکی پێشمەرگە ڕۆیین بۆ کانی ڕەش لەسەر سنووری ڕامیاری ئێران بۆ پاراستنی ڕێگای دۆڵی خواکۆرک تا جاشە برادوستیەکان ڕێیەکە ناگرن. هێزی هێڵی رواندوز بەرگری ئەکا لە قلندەر تا شاخی پیران و ڕێگە گرتن لە دوژمن تا لێ نزیک نەبێتەوە. ٢- ناردنی هێزیکی تر بۆ دۆڵی پیاو بۆ پاراستنی پشتی خێزانەکان لە جاشە سورچیەکان. ٣- هێزی هێڵی بالەندا بکێشیتەوە بۆ شاخی شیرین و دەڤەری وڵات ژێر بۆ پاراستنی پشتی خێزانەکانی ئەو گوندانە لە جاشە ڕێکانیەکان. ٤- پاڕاستنی ڕێگای پێرس- بلە و نەهیشتنی جاشە زیباریەکان لە داگیر کردنی. بەم شێوە کشانەوەکە دەستی پێ کرد و خێزانەکان کەفتنە جموجۆڵ تا لە دەڤەری کانی ڕەش کۆبونەوە.

ئەو شەڕانە کە لەکاتی کێشانەوە ڕوودا. هێڵی بەرەنگاریی جەنگ لە ئاکڕێی. سورچیەکان پەیمان و بەڵێن شکاندنی مێژووییان کرد پێش خێڵەکانی تر، ئەگەر ئەمانە ناپاکی نەکردبایان لیوای پێنجی عێراق خۆی دابەدەستەوە و ئەوکاتیش وینەی شەڕەکە بە گشتی گۆڕیا. لە ١٤/٩ هێزیکی سوپای عێراق لە ئاکڕێەو ڕەوانە شاخی سەری سادا و لەڕێەوە لە ڕۆژئاوا چوونە خوار بەرەو دینارتە و لیوای پێنج لە گەمارۆ دان ڕزگارکردن. ناپاکی سەرانی سورچیەکان دۆخەکە گۆڕی بۆ بەرژەوەندی دوژمن و دیسان کارکردنەوەی خەراپی بوو لە سەر سەرۆک خێڵەکانی تر وەکو زیباریەکان کە هەمان ڕێگا هەڵبژاردن و بوون بە پیاوی میری عێراق. پاشان سرۆک خێڵەکانی برادوستیەکان و شەرڤانیەکان و مزوریەکان و دوسکانیەکان و بریفکانیەکان هەمان کاریان کرد. بارزانی کێشایەوە بۆ پێرس. شەڕێکی گەورە ڕوودا کاتی کە سوپای عێراق لە گەڵ جاشەکان ویستی شاخی پێرس داگیر بکا، بەڵام سەرنەکەوت. لە کاتی ئەم شەڕەدا (عەبد ڵڵا گەوەر شانەدەری) و (عەلی بازی بەرۆژی) شەهیدبوون و تیمزارب سلکی و ساڵح کانیالنجی و شینو محەمەد ژاژوکی و مەلا شوالی کورەکەی برینداربوون.

لە ٣٠/٩ بارزانی لە شاخی پێرس کێشایەوە بۆ بیراکە و لە ڕێگا تووشی هێڕشیکی توند بوو لە دوو لایەوە لە لایانی جاشە سورچیەکان و زیباریەکان، بەڵام لە کۆتایی شەڕەکەدا جاشەکان بەتەواوی شکەستیان خورد، بەڵام دوو شۆڕشگیر بەم ناوانە (خالد زبیر بارزانی) و مەلا (شێخو شانەدەری) گیان بەختکردن بە گەل و وڵات.

لە ٢/١٠ بارزانی گەیشتە گوندی بارزان، لەو کاتە خێزانەکان لە دەڤەری نەزار و برۆژ چیای شیرین پەڕینەوە بەرەو کانی ڕەش خاڵی کۆکردنەوەیان.

هێڵی بەرەنگاری راوەندوز: لە ٢٦/٩ دوژمن بە یارمەتی جاشە برادوستیەکان بەناکاو هێڕشی گەورە کردن بۆ سەر شاخی قلندەر، بەڵام شۆڕشگیران پەلاماری سوپاکە دان و شکاندیان و دوو بارە چیای قلندەر لە برادوستەکیانە سەنن و دەها لاشەیان بەجێ ما وهەرایان کرد بەرەو سەربازگەی دیانا. بەڵام شۆڕشیش دوو گیان بەختی هەبوو بەم ناوانە (حەسەن محەمەد ئەمین) و (پیر سافی) یەکێک لەسەرکردە باشەکان بوو لەگەڵ (مرعان شێخو شێخانە) هەر وەها حەجت بیروخی و ئەحمەد موستەفا کانی لنجی و حەسەن شەیتا بریندار بوون.

دوڵاپیاو: کۆمەڵێک لە جاشە سورچیەکان ویستن پێش کێشانەوەی خەڵکی گوندەکان بگرن و ماڵەکانیان تاڵان بکەن، بەڵام ئەو هێزەی کە شۆڕش ناردبو بۆ پارستنیان ڕووبەڕوویان بوو و شەڕەکە لە نێوانیان دا دەستی پێ کرد و سەرۆکی جاشەکان کوژرا کە ناوی شورو موستەفا بوو لە شۆڕشوانانیش (سلێمان فەقی دیرشکی) کە سەرکردەی هێزەکە بوو لەگەڵ دوو کەسی تر بەناوی (ئەرەب قتران) و (محەمەد سیلکی).

لەهێڵی بەرنگاری جەنگ لە بالندە هیچ ‌شەڕێک ڕوو نەدا لەبەر ئەوەی کە دوژمن پاش کێشانەوەی هێزەکە هەوڵنەدا لە ڕوباری زاب بپەریگەو.

لەم کاتە خێزانەکان لەڕێگا بوون بەرەو کانی ڕەش بەڵم فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی عێراق داخی دڵی خۆی پیانڕشان ئەویش ڕقی فەرمانڕەوانی بەغدا و سەروەرەکانیان لە بەریتانیا نیشان ئەدا کە کۆمەڵی ژنی باردار و مندال بوونە قوربانی چ بە بە بومبی فڕۆکەکان چ لە بڕسێەتی و سەرمادا، بەڵام لە کۆتایی دا لە ١١/١٠ ١٩٤٥ خێزانەکان گەیشتنە ئامانجی خۆیان و چوونە ناو ڕۆژهەڵاتی کردستان دا، هەتادوایی. هیوادارم وەرگێڕانەکەم بۆ قسەکانی بەڕێز (مەسعوود بەرزانی) کەم و کووڕیی تیا نەبێ. ئەمە قسەی (موسعوود)ە ناڵێ لە بەر هێڕشی سوپای عێراق بارزانی کێشایەوە، ئەڵێ لەبەر ئەو خێڵە کوردانە کە بوون بە جاشی داگیرکەر.

هەڤاڵ گەوهەری لە خاڵێکی تری وتارەکی ئەڵێ:" ئەزموونی پارتی ئازادی کوردستان کە مەلا مستەفا ڕۆژی ١٥/١/١٩٤٥ دایمەزراندبوو". ئایا شتێک وەها هەیە؟ ئەگەر بارزانی وەها پارتیک دمەزراندووە من ئاگام لێ نییە.

لە بەشیکی تر هەڤاڵ. . ؟ ئەڵێ:" من شانازیی ئەوەم هەبوو هەفتەی ڕابردوو سەردانی ئەو ماڵە بکەم کە بارزانی لە مۆسکۆ خوێندنی تێدا تەواو کردبوو، و هەر لەوێش مام جەلال سەردانی کرد بوو لە ساڵی ١٩٥٧ دا". بێگومان بارزانی جێ ڕێز و حورمەتە، بەڵام گەوهەری پیمان ناڵێ بارزانی خوێندنی چێ تیا تەواو کرد؟

لەم بەشە گەوهەری ئەڵێ:" دوای کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ – ١٤/٧/١٩٥٨، بارزانی بە ڕۆمانیای و چیکۆسلۆڤاکیای و میسردا گەڕایەوە بۆ عێراق. "ئەنتۆنی نۆڤۆتینی" سەرۆکی چیکۆسلۆڤاکی و ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر خۆیان پێشوازیان لە بارزانی کرد و ئەویان لە پلەی سەرۆکێکی قارەمانی کورد، بە حورمەتەوە بەڕێ کردەوە بۆ عێراق".

لەم بەشەی سەرەو باش دیارە بۆ خوێنەری هێژا کە گەوهەری هیچی دەربارەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نازانی، هەتا ناوی سەرۆکی میسری ئەو سەردەمە نازای کییە!! هەڤاڵ، ئەو کات سرۆکی میسر جەمال عەبد الناسر بوو کە لە نێوان ساڵانی (١٩٥٤-١٩٧٠)ی زایینی دا لەم پلەیە بوو، بەڵام ئەنوەر السادات لە نێوانی سالانی(١٩٧٠- ١٩٨١)ی زایینی دا سەرۆکی میسر بوو، ئایا پەڕتووکەکانت دیسان بەم شێوە دەنووسی!!

دیسان لەم بەشە گەوهەری ئەڵێ:" ئیبرایم ئەحمەد دەیویست خۆی وەک سکرتێری پارتی ئەرکی سیاسی پارتی بەڕێوەبەرێت و مەلا مستەفا بەرپرسی باڵی سەربازی پارتی بێت. ئەمە جێی پەسەند نەبوو، چونکە ئەوکاتە بارزانی وەک سەرۆک و قارەمانێکی نەتەوەیی گەڕابووەوە بۆ عێراق و کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەبوو".

تۆ خوا بەرچاوخستنەکەی ئیبراهیم ئەحمەد بیردۆزی نییە؟ ئایا ئەم شێوە سەرۆکایەتیە لە زۆربەی بزوتنەوی ڕزگاری خوازی گەلانی جیهان سەرکەوتو نەبوو؟ بۆ نموونە پارتی "شین فین" باڵی ڕامیاری سوپای کۆماری ئێرلەندا. دیارە گەوهەری وافیربووە بە سەر. . لە ژێر سایەی فەرمانی ئوتوکراتی بژێ!! بێگومان هەر گەوهەریەکان بوون دژی یاسای سرۆشت ڕەفتارتان کردن کاتی کە هەموو چینەکانی گەلی کورد لەناو یەک ڕێکخسین کۆکردنەوە و ڕێگە نەدان بە لایانی تر ڕۆڵی ڕامیاریی هەبێ لەسەر گۆرەپانی باشووری کوردستان.

لەم بەشە گەوهەری ئەڵێ:"لە ڕەوت و بەردەوامیی ئەو کێشەیەدا ڕۆژی ١١/٩/١٩٦١ شۆڕشی ئەیلول سەری هەڵدا. ئەو کاتە بارزانی لە گوندی بارزان بوو. لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕش نەبوو، بەڵام پێنج ڕۆژ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، لە ڕۆژی ١٦/٩/١٩٦١، چوار فڕۆکە خۆیان گەیاندە سەر گوندی بارزان و گوندەکانی ناوچە و هاوینە هەواری "بەبانیان" لە چیای شیرین بۆمباران کرد و لەوێوە بارزانی سەرۆکایەتی شۆڕشی کرد".

بە گوێرەی قسەکانی گەوهەری، بێگومان هەروایش بوو، بارزنی لەسەرەتادا لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕش نەبوو، دیسان گەوهەری بە زمانی خۆی ئەڵێ: پێنج ڕۆژ پاش هەڵگیرساندنی شۆڕش و پاش کە گوندەکانی بارزان بۆمباران کران لە لایان سوپای قەوارە عێراقەوە بارزانی چووە پاڵ شۆڕش؟. ئەو شۆڕشە کە جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد لە ١١/٩/١٩٦١ لە دەڤەری سلێمانی هەلگیرساندن. بۆ دڵنیای لەسەر قسەکانی گەوهەری، کورتەیک لە لێدوانیکی مام جەڵال لەم بارەیەوە بۆتان دەرخەین کە لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیونی سۆمەریە نیوز بوو، ئەڵێ:" بارزانی نا قایل بوو بۆ هەلگیرساندنی شۆڕسی ئەیلول ساڵی (١٩٦١)، دیسان ئەڵێ: مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان منی نارد بۆ لای بارزانی دەربارەی شۆڕشی ئەیلول، ئەڵێ بارزانی قایل نەبوو لایانگریش نەبوو و پیم گوت ئەم کاتە کاتی شۆڕش نییە".

گەوهەری ئەڵێ:"لە ڕەوتی شۆڕشی ئەیلول دا، ئیبراهیم ئەحمەد کەڵکی لە هەل وەرگرت و ڕۆژی ٤/٤/١٩٦٤ بە بەشداریی نزیکەی ٨٠ ئەندام کۆنگرەیەکی لە ماوەت پێکهات و لەو کۆنگرەیەدا بارزانی لە حیزب دەرکرد. لە بەرامبەردا، بارزانی و کۆمیتەی چاودێری پارتی، ڕۆژی ١/٧/١٩٦٤ بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام کۆنگرەی شەشەمیان لە ناوچەی قەڵادزێ پێکهات و داوایان لە ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی کرد کە بێن لە کۆنگرەدا کێشەکەیان چارەسەر بکەن، کە ئەوان ڕازی نەبوو. لە ئاکامدا ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی لە پارتی دەرکران. کۆنگرەی بڕیاری دا دەزگای چاپەمەنی و ڕادیۆی شۆڕش کە لە ماوەت بوو لەو گروپە بستێنێتەوە. کاتێک پێشمەرگە گەیشتنە ماوەت، ئیبراهیم ئەحمەد کە پێشتر لەگەڵ شای ئێران پێوەندیی دامەزراند بوو، چوو بۆ تاران و ڕژێمی ئێرانیش هەڤاڵانی نارد بۆ هەمەدان، بەڵام پێشمەرگە هاوڕێکانیان کە ٦٩٠ کەس بوون، بەرە بەرە گەڕانەوە لای شۆڕش و بارزانی".

هەڤاڵ گەوهەری دیسان قسەکانت تێکەڵ و پێکەڵن. کاکی برا بە گوێرەی پەڕتووکەکەی هەڤاڵ (داڤید ئادەمسۆن) (الحركة الكوردية وانشقاق ١٩٦٤) لاپەڕەی (٤٣) وەرگێڕان (جرجيس فتح الله) کە بەڕپڕسی ڕاگەیاندنی پارتی و ئەندامی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ئەوە کۆنگرە نەبوو کۆنفرانس بوو؟ لە ٤/٤/١٩٦٤ بەسترا و نوێنەرانی هەموو پێنج لقی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون، لە گەڵ زۆرینەی ئەندامانی ناوەندی و مەکتەب سیاسی دا؟ دیسان (ئادمسۆن) ئەڵێ: ئامادەبوان (٦٧) ئەندام بوون. نە (٨٠) ئەندام هەڤاڵ گەوهەری؟ ئەمە یەکەم لەیەک جیابوونەوە بوو کە ڕوودا لەنێوان زۆرینەی سەرکردایەتی پارتی و سەرۆک بارزانی؟ بەڵام لە بۆاری پێوەندیی باڵەکەی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لە گەڵ شای گۆربەگۆردا قسەکەی گەوهەری ڕاستە و دروستە، بێگومان پەیوەندی شا لەگەڵ بارزانییش زۆر کۆن و بەهێزتر بوو، ئە لەبەر ئەمە شای ئێران دەمێک لە شاری هەمەدان جێ پیان دا و پاشان پیان گوت بچنەوە لای بارزانی و لە گەڵی ئاشت بوونەوە باشترە بۆ هەمووتان، ئەوە بوو شا کەوتە بەینەوە و شاری هەمەدان بەجێ هیشتن و هاتنەوە لای سەرۆک بارزانی. بەڵام لە ساڵی (١٩٦٦) دیسان جیابوونەوە و ئەم جارە چوون بۆ لای میری عێراق، بێگومان ئەمە خاڵیکی ڕەشە لە مێژووی ئەو باڵەدا.

لەم خاڵەدا گەوهەری بە شانازیەوە دەڵێ: ئەو سیستەمەی ئێستا لە کوردستان و بەتایبەتی لە بادینان و هەولێر و زۆنی زەرد هەیە، بەشێکی ئەزموونی شۆڕشی ئەیلولی ئاوێتەیە.

دیارە دوو ئیدارەیی، زۆنی زەرد و زۆنی سەوز هێشتا لە مێشکی گەوهەری مایە، هەر لەبەر ئەمەیە زاق و زووق بۆی ئەکا!! بە گوێرەی ئەم خاڵەی کە گەوهەری بەرچاوخست میری هەرێمی کوردستان تەنانەت بایەخ بەدەڤەری بەهدینان ئەدا، دەڤەری سۆران و گەرمیان لای ئەو میرییە کوردستان نییە!! ئیمجا چێ لە هەرێمی کوردستان هەیە هەڤاڵ تا تۆ شانازی پیەو بکەی! لە میری ئیفلیجەکەی! یان لە پەرلەمانە داخراوەکەی! یان بە بێ مووچەیی کارمەندان و کارکەران! هەتادوایی.

لەم بەشە پێکەنیناویە (کاریکاتێر) گەوهەری ئەڵێ: ڕۆژی ٦/١٢/١٩٧٠ لە بەغدا جاشەکانی سەربە ڕژێمی عێراق ویستیان ئیدریس بارزانی بکوژن. لەو کارە تیرۆریستییەدا حەمید بەرواری بەرکەوت، بەڵام نەمرد. هات بۆ سوید و تا ڕۆژی مردنی بە کەمئەندامی مایەوە.

خوێنەری هێژا تۆ تەماشاکە چۆن ڕامیاری دوو بەرەکی و ئاژاوە نان لەنێوان پارتەکانی باشوور هەڵگیرسێنی؟ کاتی کە ئەڵێ:" جاشەکانی سەربە ڕژێمی عێراق ویستیان ئیدریس بارزانی بکوژن" مەبەستی ئەو کوردانیە کە لەگەڵ میری عێراق بوون لەو سەردەمەدا؟؟ هێژایان، ئەم ڕامیاریە نەفرەت لێکراوە هینی سەر دەمی گەوهەری نییە، لە پەنجاکان و شەستەکان دا هەندی لە برادەرانمان لەو دییوی وڵات هاتنە ئەم دییوی وڵات بەداخەوە چ بە نووکی پێنووس یان بەبەیتە شیعریک یان بە ئاخاوتن لە بن گوێی سەرۆک ڕۆڵی خەراپیان هەبوو لە شەڕی براکوژی دا؟ دیسان گەوهەری ناو خوا لێ خوش بوو حەمید بەرواری هاورد، ئەم هێژایە پیاویکی سادە بوو، لە کاتی شەڕی پارتی و یەکێیتی کە بە نا حەق ناوی لێ نان شەڕی ناو خۆ جاریک لە شاری نۆرشۆپینگی سوێد (Norrköping) چاوم پێ کەوت، هەر وەکو گوتم پیاویکی ساویلکە بوو، بەڵام دیار بوو کە کوردیکی دڵ سوز بوو.

لەم بەشەدا دیسان گەوهەری چەواشکاری بەکار ئەبا کاتی کە ئەڵێ:" شەڕی گوندی بازێ لە ناوچەی هەکاری، ناسراو بە شەڕی هەکاری. لەو شەڕەدا یەکێتی نیشتمانی ١٠٠٠ پێشمەرگەی بە چەک و بێچەکی بەناو بۆ چەک هێنان لە سوریا ڕەوانە کردبوو، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ پاککردنەوەی ٢٥٠ پێشمەرگەی پارتی دیموکرات لە ناوچەی بادینان بوو کە سەرەتا عەشیرەتەکانی سندی، گولی، بەرواری و هەرکی بنەجێ و دواتریش پارتی بەرەنگاریان بوونەوە. بۆ ئاگاداریی ئێوە، بەرلەوەی کە مام جەلال بگەڕێتەوە بۆ نۆکان لەگەڵ کاک مەسعود لە دیمەشق بڕیاریان دابوو، هەرکام لەو دوو حیزبە، کاتی هێنانی چەک لە سوریا، یەکتر ئاگادار بکەنەوە، کە نەکات لە کەمینی یەکتر بکەون، کە یەکێتی ئەو ڕێککەوتنەوەی لەبەر چاو نەگرت.

دیسان گەوهەری یاری بە وشە ئەکا، کاتی کە ئەڵێ:" لەو شەڕەدا یەکێتی نیشتمانی ١٠٠٠ پێشمەرگەی بە چەک و بێچەکی بەناو بۆ چەک هێنان لە سوریا ڕەوانە کردبوو" جەناب یەکەم جار ئەمە شەڕ نەبوو لە لایانی یەکێیتیەوە بەڵام ئەگەر ئێوە ئامادە بووین ناوی بنەین شەڕ ئەوە نیشانەیەن کە کێ لەسەرەتادا بڕیاری ئەم شەڕەدا بوو؟ پێش چەند مانگێک هەڤاڵ (سەی کاکە) ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە بەرنامەی "پەنجەمۆر" لە کەناڵی ڕووداو گوت سامی عبد الرحمان ئەو تاوانەی ئەنجامدا، سامییش ئەو سەردەمە کەسایەتی دووەم بوو لە ناو قیادە موەقەتەدا؟ ئەتۆ لە خۆت ناپڕسی هەڤاڵ گەوهەری کاتی کە ئەڵێ یەکێیتی کەسانی بێ چەک ناردبوو بۆ دەڤەرەکە! ئاخر کەسێک چۆن بێ چەک ئەروا بۆ شەڕ کردن لە بەرامبەر لایانی کە پڕ چەکە!! دیسان گەوهەری نییەت پیسی نیشان ئەدا کاتی کە ئەڵێ:" ئەو کەسانە نارد بوو بەناو بۆ چەک هێنان لە سوریا". لێرا دیسانەوە ڕۆڵی برادەرەکانی ئەبا کە لەسەرەوە باسمان کرد، ئەوانەی کە لە پەنجاکان و شەستەکان دا هاتنە دییوی باشوور و ڕۆڵی باشیان نەبوو لە نێوان بەهدینان و سلێمانی دا؟ لەهەمان بەش دا گەوهەری ئەڵێ: "لە ڕاستیدا بۆ پاککردنەوەی ٢٥٠ پێشمەرگەی پارتی دیموکرات لە ناوچەی بادینان بوو" پڕسیار لێرا، ئایا تۆ ئەم قسەیە لەکوێ هاوردی لە چ سەرچاوەیک وەرگرتووە کە ئەوان هاتبوون بۆ پاککردنەوەی (٢٥٠) پێشمەرگەی پارتی لە دەڤەرەکە!! ئەمن ئاگام نییە ئەگەر وەها ڕێکەوتنی هەبوو لە نێوان ئەو دوو سەرکردەیە لە بارەی ئاگاداری یەک تر لە کاتی چەک هێنان لە سووریاوە.

گەوهەری پاش ئەوەی کە لە سێمینارەکەی گوت یەکێیتی و یەکگرتوو ئیسلامی شەڕیان کرد لەسەر قازیک!! دیسان لەشوێنیکی تر ئەڵێ کە من قسە بە حیزبەکەی خۆم کردووە. لای گەوهەری کە پەروەردەی دیکتاتۆریەتە نازانی دیموکراتی یەعنی چێی!! جەناب مەگەر تۆ نیشتە جێ سوێد نیی، ئایا تائێستا فێرنەبووی دیموکراتی ڕاستەقینە چییە! مەگەر زۆر جار ئەندامانی سۆسیاڵ دیموکراتی سوێد دژ بە پارتەکەی خۆیان دەنگ نادەن یان لێدوان ئەدەن؟ هەڤاڵ من ئەمە (٤٠) سالە ئەندامی ئەم پارتەمە بە درێژایی ئەم چڵ ساڵە جار نەبووە من ڕەخنە لە پارتەکە و سکڕتێرەکەی نەگرم؟ چ بە قسە چ لە وتارە عەرەبیەکانم یان وتارە کوردیەکانم تا ئێستایش کەس لەناو ئەم حیزبە چ لەسەرەوە چ لەخوارەوە یەک وشەی نا خۆش لە ڕوو من نەگوتووە، تازە بە چاوی خۆت بینی کە من نوێنەری ئەو پارتە بووم لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دا، کە جەنابد گوماند هەیە کاتی کە ئەڵێ: گوایە محەمەد مەندەلاوی نوێنەری یەکێیتی نیشتمانی کوردستانە.

لەبەر ئەوەی ئیشی نووسینم زۆرە ئەمە بەسە بۆ ئەم جارە.

٥/٢/٢٠١٧

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu