ئیتر ئاوهان هه‌ندێ خه‌ڵك! ... محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د


جۆره‌ خه‌ڵكانێك له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا ده‌ژین، ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیان ئه‌وه‌نده‌ سه‌یره‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ رووخسار و له‌ فۆڕمدا و له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ساغ و سه‌لیمن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بدرێنه‌ به‌ر تیشك و نه‌شته‌ری ده‌روونی، ئه‌وا ره‌نگه‌ نه‌خۆش بن، نازانم كه‌ ئایا ئه‌و جۆره‌ له‌ خه‌ڵك له‌ كۆمه‌ڵگه‌و میلله‌تانی دیكه‌دا هه‌ن یان نا، ئه‌گه‌ریش هه‌بن بڕوا ناكه‌م رێژه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ی رێژه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌رزبێت، ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵكانه‌ش له‌م بابه‌تانه‌ن *ناوی دوو سێ حیزبی کوردستانی بەتەواوی نازانن، کەچی خۆیان زۆر پێ سیاسییه‌ و وه‌ها باسی سیاسەت دەکەن كه‌ گوایه‌ زۆر شاره‌زا و به‌ئاگا و به‌ زانیارین و هه‌ر له‌خۆوه‌ زانیاری هه‌ڵه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو.

*ناوی سەرۆک وەزیرانی دوو وڵات نازانێ، بەڵام دەڵێ سەرۆکی فڵانە وڵات ئاوهایە و وه‌ها ده‌ڕوات و ئاوا ده‌ژیت و . . . هتد، به‌ڵام هی ئێمە ئاوهان و تەحلیلاتیشی لەسەردەکات.

*هیچ زانیاری و شارەزاییەکی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی نییە، کەچی جگه‌ له‌ باسی سیاسه‌تی ناوخۆیی، باسی سیاسەتی نێودەوڵەتییش دەکات.

*ئەندامی پەرلەمانە، بەڵام نازانێ دونیا چ باسە، بیریشی دەچێتەوە کە نوێنەری خەڵکە، لەسەر شاشەی تیڤییەکان مەرامی شەخسی و ڕقی شەخسیی خۆی بەیان دەکات.

*به‌ جڕه‌جڕ ده‌توانێت یه‌ك جومله‌ی موفید بنووسێت، كه‌چی خۆی پێ رۆژنامه‌نووسه‌ و راپۆرتی شیكاری ده‌نووسێت.

*خۆی بە فێمێنیست و داکۆکیکاری مافی ئافرەتان دەزانێت، بەڵام هاوسەرەکەی خۆی شەلاقباران دەکات و سەرو چاوو بەدەنی شین و مۆر دەکاتەوە، یان هەیانەو زۆریشن دوو ژن و سێ ژن یان چوار ژنی هەیە.

*لە مەجلیسان و کۆڕو کۆبوونەواندا ئامۆژگاری منداڵی خەڵک و باوک و دایکی منداڵانی خەڵک دەکات کە مافەکانیان بۆ فەراهەم بکەن و باش پەروەردەیان کەن، کەچی خۆیشی لە منداڵی خۆی دەدات و جنێوبارانی دەکات و فێری درۆو دووڕوویی دەکات.

*نازانێ بەپێ بە ڕێگادا بڕوات، بەڵام باسی یاسای هاتووچۆدەکات و ڕەخنەشی لێدەگرێت.

*نازانێت ئێوارە چی خواردووە، کەچی باسی مێژوو و ڕابردوو دەکات.

*هەمیشەو بە بەردەوامی باسی دزی دەکات و دەڵێت فڵانە حزب و فیسارە بەرپرس دزن، بەڵام خۆیشی کارەبای ماڵەکەی حوڕکردووە و دوو سێ گیزەر و چەندان سپلیت و هیتەری داناوە بەبێ ئەوەی پێوەری کارەباکەی یەک ئەمپێر بخوێنێتەوە.

*هەموو کات باس لە گەندەڵی و ناعەدالەتی دەکات، کەچی ئەگەر فرۆشیارە، ئەوا فێڵ لە موشتەرییەکانی دەکات و کەلوپەل و خۆراکی عادی و ئێکسپایەر و ڕزیو بە ئەسڵی و تازەی پێدەفرۆشێ. . . ئەگەریش فەرمانبەرە، ئەوا درەنگ دەچێتە دەوام و زوو دەڕواتە ماڵەوەو کاری هاووڵاتیان بەباشی و عەدالەت ڕایی ناکات و خۆی لەکارەکانی دەدزێتەوە.

*سەر بە فەڕزی خوا داناکات و لەجیاتی ئاویش مەشڕووب دەخواتەوە و ئەگەر گرفتێکی بچووکی بۆ درووستبوو، دەستدەکات بە کوفرکردن، بەڵام لە گفتوگۆی کۆڕ و کۆبوونەوەو دانیشتناندا وەعز بە خەڵکی تر دەدات و بە ئایەت و حەدیس قسەکانی پشتڕاست دەکاتەوە.

*شتێک لەبازاڕ دەکڕێ و کاتێک پارە دەداتە فرۆشیارەکە، نازانێت چەندی باقی دەکەوێتەوە، کەچی باسی ئابووری دەکات و داهاتی نەوت و داهاتەکانی تری وڵات دینار بە دینار حیساب دەکات.

*ژەمی یەک مەنجەڵ خواردن دەخوات و جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێ، بەڵام ئامۆژگاری و ڕێنمایی تەندرووستی دەداتە خەڵکی تر.

ئیتر ئاوان به‌شێك له‌ خەڵکی وڵاتی ئێمە!!. . .

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu