سەروەخۆیی کوردستان! ... دارا خونچە

رێژەی (٪١)ی مرۆڤەکان کە خاوەندارە زەبەلاحەکان و رامیاربازەکانن دەخوازن ژیان وە پێی سیستەمی کۆیلایەتی بەڕێوەبچی، لێ زۆربەی زۆری (٪٩٩)یەکەی مرۆڤەکان دەخوازن ئازادیی و یەکسانیی تەواو کۆتایی وە دەردەسەریی و ئاریشەکانی نێوان مرۆڤەکان بهینی و ئیدی ململانێی مرۆڤەکان تەنێ دەگەڵ سروشت بی تا هەمواری بکەن و ژیانەکی پڕ لە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی لێ فەراهەم بکەن.

لە روانگەی ئەو چەمکەی سەرێ؛ سەروەخۆیی کوردستان مافەکی رەوای نەتەوەیی و مرۆیی خەڵکی کوردستانە، جا ئەوە گرنگ نییە کە وڵاتە زلهێزە کەڵەگایەکان و دۆستەکانیان. . داگیرکەرانی کوردستان و دۆستەکانیان. . لایەنەکانی نێوخۆ وەک (خێڵەکیی و ناوچەگەرەکان. . ناسیونالیستە هەلپەرستەکان. . ئیسلامییەکان بێ هەلاواردن) دژایەتیی دەکەن. . بەلکە ئەوە گرنگە کە هەر دەبی گەلانی کوردستان وە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان بگەن و بپەڕژێنە سەر ئەوەی پێ وە پێی گەلانی دی کێشە دەستکردە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک وە تایبەتییش خەڵکە هەژار و کارگەرەکان بەرەو باش و باشتر بگەشێننەوە.

یەکەک لە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی ئەوەی کە شارۆمەندانی نێو ئەو نیشتیمانەی پێی دەگۆترێ کوردستان (کورد و نەتەوەکانی دی) نەیانتوانیە وەک میللەتانی دی وڵاتەکی سەروەخۆ دابمەزرێنن. . ئەوەیە کە تاکەکانی نێو ئەو نیشتیمانە وە شێویەکی گشتیی هەرگیز نەیانتوانیە دان وە یەکدی دابنێن و یەکێتییەکی نیشتیمانیی چێبکەن بەڵکە هەمیشە دەسەڵاتە داگیرکەر و ستەمگەرەکانی نێو میللەتانی دەوروبەریان لە کن خۆشگەرەگتر بووە*، ئەوەش واتای ئەوە نییە کە مرۆڤەکانی کوردستان ناقۆلا و جۆرەکی تایبەتن و لە هەموو مرۆڤەکانی وڵاتانی دی جوایەزن و لەبەرهەندێ وەهایان وەسەرهاتیە**.

لە باری جوگرافیاییەوە کوردستان وە شێوەیەکی گشتیی لە هەردوو رووی کەش و هەڵکەوتەی خاکەکەی سەختگیرە. . زۆر لەبار بووە تا خەڵکەکەی نەتوانن پێکەوە ژیانی هاوبەش چێبکەن یان پێکەوە بسازێن - بەرانبەر میللەتانی دەوروبەریش هەروا -؛ زەوینەی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و هەماهەنگیی زۆر لاواز بووە. . هەر کەسەک یان هەر تیرە و هۆزەک تەنگاو کرابی یان هێرشی کرابیتەسەر یەکسەر پەنای بردیتە بەر چیا و جێیە سەختەکان و ئیدی ئەشقیا و سەرگەردان بوونە. . جا وە هۆی درێژەکێشانی شەڕوشۆڕەکان و وە تێپەڕبوونی کات کوردەکان دەگەڵ جەردە و یاخییبووەکانی میللەتانی دەوروبەر - کە ئەوانیش نەیانتوانیە خۆ دەگەڵ ژیانی تازە و دەوروبەرەکەیان بگونجێنن و ئامادەی پێکەوەژیان و ژیانی نەرمونیانی شارستانییانە نەبوونە - لە چیایەکانی زاگرۆس - کە وەک قوللە و سەنگەرگەلەکی سەخت لە سەر تا خواری خاکی کوردستان درێژبوویتەوە - خڕبووینەوە و لەوێ قەتیس بوونە، ئەوەش بوویتە هۆی ئەوەی نە دەرفەتی ئەوەیان هەبی بیر لە دروستکردنی وڵات بکەنەوە نە وە پێویستیشی بزانن***.

پێش نێزیکەی ١٠٠ ساڵ و وە سەرێ کە سەردەمی دامەزرانی دوا شێوەی وڵاتەکان بووە لە ناوچەکە (هۆشمەندیی هێز) نەخشی سەرەکیی هەبووە لە نەخشەکێشانی وڵاتان و دامەزراندنی دەوڵەتەکان، ئێ خەڵکی کوردستانیش لەوان سەردەمان وەک ئەوەی ئاماژەمان پێدا کە لە دەڤەرە سەخت و دوورەدەستەکان ژیانیان دەگوزەراند هۆشمەندییەکەیان پتر لە نێو بازنەیەکی تەسکی یاخییبوون و ملنەدان دەخولایەوە. . واتە هێزەکەیان نارێکخرا و بێ بەرنامە بووە. . هۆشمەندیی ئەوەیان نەبووە وە پێی پێویستییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بیر لەوە بکەنەوە کە پێویستە ئەوانیش قەوارەیەک وەک وڵات چێبکەن. . ئیدی نەیاتوانی و هەر وە یاخییگەریی مانەوە.

هەرچەندە هێشتا هەر هێز سەرجەمی جیهان بەڕێوەدەبا. . لێ لەمێژە (هێزی هۆشمەندیی) جێی (هۆشمەندیی هێز)ی گرتیتەوە****، ئەوەش جارەکی دی بووە هۆی ئەوەی سەروەخۆیی کوردستانی مەزن تەنانەت وە شێوەی پارچە پارچەش فرە ئەستەمتر ببی. . چونکە وە هۆی ئەوەی کە نەیانتوانیبوو وەک میللەتانی دی لە سەردەمە لەبارەکە وڵاتی خۆیان دامەزرێنن لە هەموو رووەکانی ژیان وەپاشکەتن و ئێستاکەشی دەگەڵ دابی هەر دەستبەرداری یاخییگەرییە پاشداماییەکەیان نەبوونە و هێشتاش هەر پەرە وە تاکپەرستیی و تاکگەرییەکەیان دەدەن و یەکگرتن و پێکەوەژیانی میللەت لە هزر و هۆشمەندییاندا زۆر لاوازە. . مەگەر بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزە کەڵەگایەکان ئەوە بخوازن کە کوردستانەکی سەروەخۆ - پارچەیەک یان هەمووی - دابمەزرێ یان بزاڤەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز جلەوی رامیاریی بگری و پێشڕەویی گەل بکا - ئێستا ئەو ئاسۆیە دیار نییە - دەنا ئەگەر وە هومێدی ئەو دارودەستە رامیاربازەی ئێستای کوردستان بین کە لەبەر بەرژوەندیی تەسکی حیزبیی و بەژەوەندییە خۆپەرستیی و بنەماڵەیی و ناوچەگەرییەکانیان ئاگایان لە نیشتیمان و رزگارکردنی نییە. . دەبی ئاوێ بینین و دەستان بشۆین!

ئێستا لە سەتەی بیست و یەک و سەردەمی پێشکەوتنە خێرایەکانی زانست و تەکنەلۆژیادا دەژین کەچی هێشتا ناسناو یان ناوی دووەمی سەرکردە هەرە دیارەکانی کوردستان***** هەر ناوی خێڵەکیی و ناوچەگەریین، هەڵبەتە ئەوە بێ هۆ نییە کە سەرکردەیەک نەک هەر دەتوانی وە شێوەیەکی ملهوڕانە شانازیی وە بنەماڵە و خێڵ و ناوچەکەیەوە بکا بەڵکە دەتوانی تا دوا هەناسەی ژیانیشی هەر وە سەرکردەیی بمینێتەوە و پاش خۆشی کۆمەڵەک ئەندامی خێزان یان بنەماڵەکەی هەر لە ژێر ناسناوەکەی خۆی ببنە کەسی دیار و باڵادەستی رامیاریی و سەربازیی بێ ئەوەی شایەنی ئەوە بن. . ئیدی حیزب یان بزووتنەوەکەش لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن!

دەگەڵ گشت ئەوانەش نابی و ناکرێ کەسە دڵسۆز و مرۆڤپەروەرەکانی کوردستان - گەرچی کەمیشن - ورە بەربدەن، زۆربەی زۆری میللەتان لە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان بەهرەمەندن. . نابی و ناکرێ تەنێ میللەتانی کوردستان و هێندەک میللەتی دیکە وە بندەستیی بمینێنەوە. . ئاخەر تا ئەو ماف و ئازاییانە وەدەستنەهینین هەرگیز ناتوانین بپەڕژێنە سەر تێکۆشانە چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی و مرۆڤپەروەرییەکان و پێ وە پێی گەلانی دی - کە ئەو جۆر و شێوە داگیرکارییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەیان نەمایە - ژیان و گوزەرانی باشتر و باشتر وەدەستبخەین.

_____________________________
* لە سەردەمی شۆڕشی شاخ لە باشوور. . ئەگەر ١٠ تا ٢٠ هەزار پێشمەرگە هەبووبی ئەوە ٢٥٠ تا ٥٠٠ هەزار چەکداری خۆفرۆش و لایەنگری دەسەڵاتی داگیرکەر هەبوو! وە پێی ئاماری حکومەتە بێ سەروبەرەکەی هەرێمی کوردستان - کە کەمترین زانیارییان هەیە - ٥٠٠ چەکداری کورد دەگەڵ سەرسەخترین دوژمنی کوردان و مرۆڤایەتیی - دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام - بوونە! هەر ئێستا نزیکەی ٢ هەزار کەسی کورد وەک چەکدار لە رێزەکانی (حەشدی شەعبیی - واتە داعشی شیعە -) کە دوژمنی خوونخۆری کوردانن خۆیان ناونووس کردیە! بارودۆخی باکووریش لە باشوور باشتر نییە؛ لە ٢٠ - ٢٥ ملیۆن کەس تەنیا چەند ملیۆنەک دەنگیان وە (هەدەپە) دا!

** هزر و تێڕوانینە جوداخواز و شۆڤێنیستەکان زۆر کۆششیان کرد تا بنەچەی مرۆڤ وە سەر چەندین جۆر دابەش بکەن - کە مەبەستی سەرەکییان لێی دیارکردنی جۆری چاک و خراپ بووە تا بەگژ یەکیان وەبنێن و شەڕ و ئاژاوە بەرپا بکەن -، جووە جوداخوازەکان و عارەبە (عروبەییەکان) هەردووکیان لە رامانە پووچە ئەفسانەییەکەیان خەڵکانی خۆیان وە (میللەتی بژاردەی خودا!) ناوزەد دەکەن! هیتلەر و مۆسۆلینی ویستیان خەڵکانی ئەڵمانیا و ئیتالیا و ئەوروپا وە مرۆڤگەلی رەسەن و تەواو وەسەر خەڵکانی دیکەی جیهان بسەپێنن! هێشتاش ئینگلیزە رەگەزپەرستەکان خۆیان وە باشترین مرۆڤگەل دەزانن و وە کردەوەش هەردەم خەریکی ئەوەن لە رێی هەژموونی زمانەکەیان و تەکنەلۆژیا و ئابوورییە بەهێزەکەیان پیادەی بکەن! لێ بەرەی مرۆڤە یەکسانییخواز و پێشکەوتنخوازەکان وە پشتبەستن وە زانست گشت ئەو خەونانەی پووچ کردەوە و ئیدی خەونی لەو بابەتانە هەرگیز نابیتە راستیی.

*** زۆر میللەتی دیکە وە هۆی سەختی جوگرافیایەکەیان دووچاری هەمان ئەو نەخۆشییە و داگیرکارییە بوونە، وەک نموونە خەڵکی (تبت) و (تۆرۆبۆرا) و (سکۆتلاند) و زۆر ناوچەی دیکە، لێ ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنی هەر ناوچەیەک بەو شێوەیە سەخت بی ئیدی دەبی میللەتەکەی تووشی هەمان دەرد ببی. . چونکە هەر یەک لە هۆکارەکانی وەک (جوگرافیای رامیاریی، دینەکان، مێژوو و شارستانیەتەکان، سەرچاوە سروشتییەکان، هۆکارە دەرکییە رامیارییەکان، بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان، شێوازی بزاڤی میللەتەکە خۆی، و. . . تد) وە ئەرێنیی و نەرێنیی رەنگی خۆیان دەڕێژن و نەخشی خۆیان هەیە لەو بارەوە، لێ هۆکاری سەختیی جوگرافیای هەر ناوچەیەک زۆر کات دەبیتە هۆی ئەوەی ئەو هۆکارانەش ببنە یارمەتیدەر تا میللەتی ناوچەکە تووشی ئەو دەردە بکەن.

**** (هۆشمەندیی هێز) لە روانگەی هێزەوە بەرخورد دەگەڵ ژیان دەکا و هەردەم نەرێنییە، لێ (هێزی هۆشمەندیی) وە پێچەوانەوە لە روانگەی هۆشەوە بەرخورد دەگەڵ ژیان دەکا و هەردوو لایەنی نەرێنیی و ئەرێنیی هەیە، تێکڕای دەسەڵاتخوازان و زۆربەی هەرە زۆری کەسانی رامیاریی تەنێ پەیڕەوی لایەنە نەرێنییەکەی دەکەن.

***** سەرکردەکانی بزووتنەوە ئیسلامییەکان نەک هەر سەرکردەی میللەت نین بەڵکە هەمیشە وەک داردەستی لایەنە رەگەزپەرست و ئیسلامییەکانی ناوچەکە خەریکی پیلانگێڕان بوونە دژ وە هەر جۆر و شێوە گۆڕانکارییەکی پێشکەوتنخوازانە و تێکڕای ئامانجەکانی میللەتەکەی خۆیان! ئەوان داعشێکی بێ چەکن. . هێزە کوردییەکانیش لەبەر هەلپەرستیی و دەسەڵاتخوازییە ماکیاڤیللییەکەیان سازشکارانە هاوپەیمانیانن و لە دژی چەپ و پێشکەوتنخوازان و رەوتی یەکسانییخوازیی ژنان وەکاریاندەبەن!

daraxunce@yahoo. com

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu