پێگەی كەركووك لە ئەجێندای پارتە كوردییەكاندا .... محەمەد عەلی

ئەو حیزبانەی زۆرترین كاریگەرییان لەسەر پرسی كەركووك هەیە، هەردوو پارتی كوردستانی (یەكێتی و پارتی)ـن، هاوكات لە فەرهەنگی سیاسیى هەردوولادا كەركووك دڵ و قودسی كوردستانە، بەپێی ڕووداوە مێژوویەكانیش، دەردەكەوێت هەردوولا چەندە ڕاستگۆ بوون لەگەڵ درووشمەكانیان سەبارەت بە كەركووك.

كاتێك داعش هات و سەربازانی عێراقی سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەواوی شاری كەركووكیان كۆنترۆڵ كرد، دواتر بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان درا و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەم شارە ئەنجام درا و هەموو كورد بەم هەنگاوە دڵخۆش بوون، بەڵام بە هۆی مامەڵەی نەگونجاوی چەند كەسێك، گوایە باڵانسی هێز لەم شارە هاوسەنگ دەكەنەوە، ڕادەستی هێزە عێراقییەكان كرا، كە دەرەنجام كورد پێگەی لە دەست دا لەم شارەدا و ئێستاش بۆ راستكردنەوەی باڵانسی هێز لە كەركووك، پێویستی بە دانانی پارێزگارە و كردوویەتییە پێشمەرج بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم.

پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی كەركووك، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و ئاڵای كوردستانیشی لەم شارە كردە ئەمری واقع، هاوكات لە پێناو گەڕانەوەی ئەم شارە بۆ باوەشی كوردستان، هەموو هەوڵێكی خۆی دا بۆ دروستكردنی دیدگا و ستراتیژی هاوبەش بۆ پاراستنی ئەم شارە لە هەڕەشەكانی حكوومەتی عێراقی، هەردوو داستانی پردێ و سحێلا، ئامادەیی ئەم حیزبەی دەرخست بۆ هەموو ئەگەرەكانی پاراستنی ئەم شارە، ئەگەر بە ڕێككەوتنی نهێنی ڕادەستی هێزە عێراقییەكان نەكرابا، رەوشی كوردستان بە گشتی و كەركووك بە تایبەتی، لە ئاستێكی جیاوازدا بوو.

تایبەت بە یەكێتی، مامەڵەیەكی ناڕوون دەكات لەگەڵ پرسی كەركووك، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراقی نەوتی كەركووكی بەبازاڕ دەكرد و مافی كەركووكیشی لە ڕووی پترۆدۆلارەوە نەدەنارد، هیچ كێشەیەك نەبوو، بەڵام كاتێك داعش هات و حكوومەتی هەرێم كێڵگەكانی هاڤانە و بای حەسەنی كۆنترۆڵ كرد و نەوتەكەی فرۆشت، لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەكی مانگانە مستەحەقاتی پتڕۆدۆلاری شارەكەی دەنارد، كەچی هەر رۆژەو كێشەیەكیان دروست دەكرد و هێزی سەربازییان بەكار دەهێنا بۆ ئەم مەبەستە.

لە ڕابردوودا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی، بۆ بەرێوەبردنی شارەكە پێشنیازی ۳۲ بە ۳۲ بۆ سەرجەم پێكهاتەكان خرایە روو، ئەمە لە كاتێكدایە كورد لە خراپترین باردا كە هەڵبژاردن كراوە، ٥٠٪ ی دەنگەكانی هێناوە، لە راستیدا ئەوەی ڕێگر بوو لە چەسپاندنی ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردن لە كەركووك، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.

هەوڵەكانی بەهەرێمكردنی كەركووك وەكوو هەرێمێكی سەربەخۆ، وەك ڕۆژی ڕووناك بۆ هەموو لایەك روونە كە كامە حیزب بانگەشەی بۆ دەكرد، تەنها مەبەست لەم هەوڵەش بۆ پاراستنی پێگەی حیزبی بوو، لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی دووپاتی دەكردەوە كە كەركووك شارێكی كوردستانییە لەگەڵ رێزگرتن لە گشت پێكهاتەكانی ئەم شارە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕابردوودا وەك دڵ مامەڵەی لەگەڵ كەركووك كردووە و شۆڕشێكی وەك شۆڕشی ئەیلوولی كردە قوربانی كەركووك، كە دەكرێ بە دڵی شۆڕشەكانی كورد هەژمار بكرێ، لە بەرامبەردا كۆمەلێك لە كادیرە سەربازی و حیزبییەكانی كەركووك تەنها بۆ هەندێك بەرژەوەندیی ئابووری و یەكلاكردنەوەی ململانێی حیزبی، چارەنووسی كەركووكیان ڕادەستی حەشد و پارێزگارێكی بەعسی كرد.

ناكرێ ئەو ڕاستییەمان بیر بچێ، لە ماوەی نزیكەی ۱٥ ساڵی حوكمی كوردی لە دوای ڕووخانی بەعس، یەكێتیی نشتیمانی بەرپرسیاری یەكەم و حاكمی موتڵەقی ئەم شارە بووە، نە خزمەتگوزاری وەك پێویست هەبووە و نە توانییان مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان بكەن، تەنها لە ڕووی ئەمنییەوە كەركووك سەقامگیر بووە و لەم بوارەشدا پارتی هاوبەشی سەرەكی بووە.

لە ئێستاشدا پرسی دانانی پارێزگار بۆ كەركووك بە بێ ئاساییكردنەوی بارودۆخی شارەكە، هیچ سوودێكی نابێ، بەڵكوو زیانیشی دەبێ بۆ شارەكە، بەو پێیەی ئەگەر پارێزگار كورد بێ، كارتێك دەبێ بە دەست بەغداوە، تاوەكو سیفەتی داگیركاریی شارەكە وەلابنێ و هاوكات لە رووی سەربازییشەوە دۆخی شارەكە ئاسایی نەكاتەوە، بۆیە دەكرێ بڵێین، پرسی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك، ناكرێ موزایەدەی پێوە بكرێت و تەنها حیزبییانە لەم پرسە بڕوانین، بەڵكوو راستتر ئەوەیە كوردستانییانە بیر بكەینەوە و چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu