دەسەڵاتی گەنـدەڵ. . رەزا شوان

لە ئەمڕۆدا گەندەڵی ترسناکترین و زیانبەخشترین دیاردەی نەرێنی دەوڵەت و دەسەڵاتە. . نەخۆشییەکی مەترسیدارە. . خەریکە بڵاوبێتەوە و ببێت بە پەتا و لە دەسەڵاتی باڵاوە شۆڕببێتەوە بۆ خوارەوە و، ژمارەیەکی زۆرتری دەسەڵاتدارن و کاربەدەستان تووشی ڤایرۆسی گەندەڵی ببن. . لە راستی دا گەندەڵی لە تیـرۆر زۆر مەترسیدارترە.

چەمکی دەسەڵات لە لای دەسەڵاتدارانی گەندەڵ بریتییە لە خۆسەپاندن و لە قورخکردنی دەسەڵات و لە دەستگرتن بەسەر ئابووری و دارایی گەل و بوونی هێز و دەستوپێوەند.

دەسەڵاتدارانی گەندەڵ چاوچنۆکن. . نە تێردەبن و نە گیرفانیان پڕدەبێت و نە وازیش لە دەسەڵات دەهێنن. . خۆیان و بنەماڵەکانیان بە پارەی دزینی گەلەوە تەخشان و پەخشان دەکەن. . گوێشیان لەوە نییە کە رۆڵەکانی گەلەکەیان برسی و رەش و رووتوون.
بڕێک لەو پارانەش کە دەیدزن، بۆ هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان و، بۆ زیادکردنی دەستوپێوەندەکانیان. . یا بۆ کڕینی سیاسی تەشیرێس و بۆ راگەیەندکاری بە شان و باڵ هەڵدەر و بۆ نووسەری ماستاوکەر، بۆ کەسانێکی بەرەماوەخۆر و کاسەلێس و بۆ چەپڵەلێدەران و بۆ شاباشکەرەکانیان خەرجیدەکەن.

بیرمەندە ناودارەکانی جیهان، حەز و هەڵپەی دەسەڵاتیان لە پلەی یەکەم داناوە، چونکە دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ، لە رێی قورخکردنی دەسەڵاتەوە، دەتوانن دوو حەزەکەی تریشیان بهێننەدی. . حەزی کۆکردنەوەی پـارە و گیرفان پڕکردن و خۆدەوڵەمەندکردنی بێ ئەندازەی ناڕەوا. . حەزی هـێز و زۆرکردنی لایەنگر و دەستوپێوەندی زیاتر. . ئەم دەستوپێوەندە خۆفرۆشانەش، دەخرێنە ریزی گەندەڵچییەکان.

دەسەڵاتی گەندەڵ دەیەوێت خەڵکی نوزەیان لێوە نەیت. . گوێش بە رای جیاواز و بە داواکارییەکانی گەل نادەن بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵات دەستی خستۆتە بینەقاقای ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ. . دەسەڵاتی گەندەڵ گوێ بە ناڕەزایی و تووڕەی و داواکانی خەڵی برسی و بێکار و بێدەرەتان نادەن و، خوێنی خەڵکیان لا هەرزانە و ئامادەن بە زەبری هێز بێدەنگ و سەرکوتیان بکەن.

لە چەند نووسینێکی ترم دا هەر لە بارەی گەندەڵییەوە، چەختم لەسەر ئەوە کردووە کە گەورەترین و گەندەڵترین گەندەڵی. . بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا. . بوونی کەسانی نابەڵەد و هیچ لەبـار و نەزانە لە پۆستی باڵا و هەستیاری حوکمڕانی دا. . لە ئێستا و لە پێشتریش، لە سەدا نەوەتی پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان درابوون و دراون بە کەسانێکی نابەڵەد و ناپسپۆر و نەشارەزا و نەزان و بێ ئەزموون و بێ توانا. . کە شیاوی ئەو پۆستانە نین. . هیچ بەگراوندێکی سیاسی و پسپۆریان نییە، بە شایستەی و توانای خۆیان وەریان نەگرتوون. . بە پایەکانی پەیژەی حیزبایەتی و سیاسی و دەسەڵات و بەڕێوەبردنيش دا سەرنەکەوتوون. . زۆربەیان ئەکادیمی نین، بەشێکیان خاوەنی بڕوانامەی نزمیشن. . گەمەکەرێکی سیاسی نابەڵەدیشن و هەمیشە دۆڕاون.
ئەم دەسەڵاتدارانە لە رێی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و لە رێی خزم خزمێنە و رادەی هاوبەستەبوونیان بۆ بنەماڵە، ئەو ئەو پۆستانەیان پێدراون، یا کوڕی فڵان سەرکردەن. شەرمەزاری و شوورەییەکی گەورەیە بۆ کەسانی نەشیاو لە شوێنی شیاودابن. . کورد وتەنیش:"تا رەجەب سەرپاڵەمان بێت. . حاڵمان لەمەش خراپتر دەبێت. . " چاوەڕوانی ئەوەش مەبن کە قەیرانە سیاسی و ئابووری و دەسەڵاتییەکانمان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ دا چارەسەربکرێن. . ئەم گەندەڵییەش تەنها دەسەڵاتی حوکمڕانی نەگرتۆتەوە. . بەڵکو بەشی زۆری کارگێڕان و ئەنـدامانی دەستەی باڵا و مەکتەبی سیاسی زۆربەی حیزبەکـانی باشووری کوردستان و دەزگا هەستیارەکانیشی لە هەرێمی کوردستان دا گرتۆنەتەوە. پارتە سیاسییەکانیش بوونە بە بنەماڵەیی و عەشیرەتی و هاوبەرژەوەندی و پشک پشکێنە و باڵ باڵێنە، پۆستە باڵاکان بوونە بە میراتی و بە بۆماوەیی بنەماڵە و عەشرەت. . کۆمەڵێک لە نێو حیزبەکان، بوونە بە مافیا و هێزی سەرکوتکەریان هەیە. . تەنانەت حیزبەکانیشیان لێیان دەترسن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دا بکەن.

دەسەڵاتی گەندەڵ، دەسەڵاتێکی درۆزن و بێ شەرم و بەڵێن پـووکە. . دەیانەوێت بە کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و دروشمی بریقەدار، خۆڵ لە چاوی خەڵکی سادەی دڵپاک بکەن و، پەردەپۆشی ستەم و تاوان و دزی و کارە ناڕەواکانیان و قەیرانەکان بکەن.

دەسەڵاتدارانی گەندەڵ، بە زەقی پێشێلی هەموو بەها رەوشتی و یاسایی و ویژدانییەکان دەکەن. . لە پێناوی خۆقایمکردن و خۆسەپاندن و بەرنەدانی کورسییەکانیان و مانەوەیان بۆ درێژترین ماوە لە پۆستەکانیان، بێ شەرمانە هەموو رێگا و شێوازێکی نایاسایی و نەشیاویش دەگرنەبەر بۆگەیشتن بە مەرامەکانیان، پاکانە بۆ هۆکارە نادروستییەکانیان دەکەن. . گەر پێویست کات بەبێ دودڵییش هێزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایی گەلەکەیان بەکاردەهێنن. . تا ئێستا چەندین رۆژنامەنووس و چالاکوانیان فتکردوون.

مایەی پێکەنینیشە، گوایە لە لایەن حکوومەت و پەرلەمانەوە (دەستەی دەستپاکی) دانراوە بۆ بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی گەندەڵکارانی دەسەڵات. . ئەو دەستەیە لە لایەن خودی دەسەڵاتی گەندەڵەوە سەرۆک و ئەندامەکانی دانراون. . ئەمەو پەرلەمانێکیش لەژێر چەتری دەسەڵاتی گەندەڵ دابێت. . ئەو پەرلەمانەش دەچێتە ریزی گەندەڵییەوە، چونکە ناتوانن بانگهێشتی گەندەڵکارنی باڵا بکەن و بە گەندەڵکار ناویان بەرن و بیان دەن بە دادگا و دادگاییان بکەن و سزای یاساییان بدەن. . تەنانەت دادگاش بێلایەن نییە، لە لایەن دەسەڵاتی گەندەڵەوە ئەندامەکانی دادەنرێن و ئاراستە دەکرێت و بڕیارەکانیشی لە خزمەتی دەسەڵاتی گەندەڵ دان.

لە راستیش دا، لە باشووری کوردستان دا، ئۆپۆزیۆنێکی ئەکتیف و بوێرمان نییە، کە بتوانێت بە راشکاوی دەنگی لێهەڵبڕێت و رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵ ببێتەوە و بەبێ ترس پەردە لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ هەڵبماڵێت و ئاشکرایان بکات. بە لای منەوە، ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵ و بێ دەسەڵات، لە حکوومەتی دەسەڵاتداری گەندەڵ مەترسیدارتر و گەندەڵترە.

لە باشووری کوردستان دا، کێشەی سەرکی، کێشەی قورخکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتی گەندەڵ و دزیکردنە لە پارە و سامانی گەلەکەمان. . دەسەڵاتیش بووە بە پشک پشکێنە لە نێوان دوو بنەماڵەی خۆسەپێندا. . بە هەزان ماستاوکەر و شان تەکێنیش لە دەوریان کۆبوونەتەوە. . لاچوونی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ لە پۆست و دەسەڵات هێڵی سووریانە.

ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، قەیران لە دوای قەیران بۆ کوردستان دروست دەکەن. . ئەمانە هۆکاری ئەم رۆژە رەشە و هەموو نەهاماتییەکانن. . جامی بێزاری و تووڕەیی خەڵک پڕبووە و لێی دەڕژێ. . کەچی دەسەڵاتی گەندەڵ زۆر بێباکن و گوێ بە ئازار و برسێتی هەژاران و بێدەرەتانان نادەن. . چونکە خۆیان تێرن و تێریش ئاگای لە برسی نییە.

بێێدەنگی و چاوپۆشین لە گەندەڵی و لە دزینی سامانی گەل و لە بەرتیل وەرگرتن و لە مەحسوبییەت و لە مەنسوبیەت لە لایەن ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵات دان و، لە نێـو بازنـەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی گەنـدەڵ دان. . هیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ دا. . ئەوانیش لەو ستەمانەی دەکرێن هاوبەشن، بەرپرسێتی یاسایی و رەوشتی و ویژدانییان لە ئەستۆدایە. . بە سوودپەرست و بە تێوەگلانی گەندەڵی تاوانبار دەکرێن.

پێشم سەیرە کە دەسەڵاتی گەندەڵ لە هەرێمی کوردستان دا، داوای نەهێشتنی گەندەڵی دەکات و پرۆژەی چاکسازی راگەیاند. . ! پێویستە ئەوە بزانن کە رووبەڕووبوونەوە و رەکێشکردنی گەندەڵی، لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێدەکات. . بەڵام چاکسازی لە خـوارەوە بۆ سەرەوە دەکرێت. . واتە گەر راستدەکەن کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن با لە خۆیان و لە حکوومەت و لە دەسەڵاتی سەپێنراویانەوە دەست پێبکەن. . نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی، بە بەڵێن و بە قسەی رووت و بە فیشاڵی بەردەم مایکەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ناکرێن. . بەڵکو بەکار و ئەنجامدان دەسەلمێنرێن.

تەنیا گەلەکەمان بە یەکگرتووی و بە خۆپيشاندان و بە راپەڕینێکی سەرتاسەری. . بە شێوەیەکی شارستانی و ئاشتییانە، دوور لە توندوتیژی و لە زیان گەیاندن بە سامانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی، دوور لە کاری ناشیرین. . دەتوانێت رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵی شکستخواردوو ببێتەوە. . ئەمەش بەبێ ئیرادە و دڵسۆزی و قوربانیدان نایەتە دی و کۆتایی بە گەندەڵی و بە دەسەڵاتی گەندەڵ نایات.

 

   

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu