شانۆی گەڕۆکی منداڵان. . رەزا شوان

شانۆ لقێکە لە ئەدەب، هونەرێکی درامی نوانـدە، بە دایکی هونەرەکان ناودەبرێت. شانۆ پەنجەرەیەکە بۆ داهێـنان. . سەکۆیەکە بۆ گوزارشتکردن لە خۆشییەکان و لە ناخۆشییەکانی مـرۆڤ. . شانـۆی منـداڵانیش لقێکی زۆر گرنگە لە ئەدەبی منداڵان، مەبەستیشمان ئەو شانۆیەیە، کە لە خـزمەتی منداڵان دایە و منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن و نمایشی دەکەن.

(مـارک تووەین) لە بارەی شانۆی منداڵانەوە دەڵێ:" بـڕوام وایە کە شانۆی منداڵان، یەکێکە لە گەورەترین داهێنراوەکانی سەدەی بیستەم کە بلیمەتی ئادەمیزاد رێی پێبرد. . بەهـێزترین مامۆستای رەوشتە. . داکۆکیکەرە لە رەوشتی باش. . "

شانۆی منداڵان، پەیامێکە، خۆشی و شادییەکی زۆر و چێژی هونەری و جوانناسی بە منداڵان دەبەخشێت. . هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردن و فراوانکردن و زاخاودانی بیر هۆش و ئەندێشە و هەست و سۆز و توانای دەربین و گوزارشتکردنی منداڵان. . بۆ گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منداڵان. . بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانیان. . هۆکارێکە بۆ رۆشنبیری کردنیان. . هۆکارێکی زۆر گرنگیشە لە هۆکارەکانی فێرکردن و پەرەوەردەی نوێی منداڵان. . لە گەشەکردنی دروستی کەسایەتیان.
شانۆی منداڵان هۆکارێکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی گەلێ گـرێ و گرفت و فشارە دەروونییەکانی منداڵان، وەک (شەرم، گۆشەگیری، زمانگرتن، ترس، رارایی، پەشێوی دۆشدابردن، دڵتەنگی، خەمۆکی، گرژ و مۆنی، . . ) بنچینەی درامای منداڵانیش یارییە. . پەروەردەکاری بە ناوبانگ (جـان جـاک رۆسـۆ) فێرکردنی منداڵان لە رێی یاری و نواندنەوە، بە باشترین شێوازی فێرکـردن دەزانێت، ئەوەشی راگەیاند کە شانۆی منداڵان رێبازێکە بۆ فێرکردنی منداڵان.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان گرنگییەکانی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان). . لە زۆربەی شارەکانی وڵاتانی جیهان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵان هەیە، کە منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن. . کە لەسەر (لـۆری بارهـەڵگر)، یا یەکسەر بە شەلمان و تەختەدار دروستی دەکەن، بە دیکۆری جوانی سەرنج راکێش دەیڕازێننەوە، ساڵی چەند جارێک لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان دا، نمایشی شانۆی منداڵان دەکەن. . لەپاڵ نمایشی شانۆش دا، منداڵان چەندین گـۆرانی و هەڵپەڕکی و دانس پێشکەش دەکەن. . پێشتریش ریکلام و ئاگاداری بۆ شوێن و کاتی نماییشکردنی شانۆکە دەکەن. . میدالیا و خەڵات بە منداڵە بەشداربووەکان و بە دەرهێنەرەکانیش دەبەخشن. . بێجگە لەوەی کە لە زۆربەی شارەکان دا هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان هەن. . هەروەها بەڕێوەبەرێتی هونەری منداڵانیش هەیە، ساڵانەش لە شارەکان دا، فیستیڤاڵی پێشبڕکی شانۆی منداڵان سازدەکەن. . چەندین تیپی شانۆیی منداڵان بەشداری تێدا دەکەن.
منداڵان هیوای داهاتووی هەر گەلێکن. . بۆ گەلانی پێشکەوتوو بایەخێکی زۆر بە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن. . بۆ نموونە لە (وڵاتی نۆروێـژ)دا، لە حکوومەت دا، وەزارەتێک هەیە بە ناوی (وەزارەتی منداڵان)

وادیارە هونەرمەندی عێراقیش (حوسێن عەلی ساڵح) کە پسپۆرە لە شانۆی منداڵان و زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری (ئەدەبی منداڵان) دا کار دەکات، سوودی لە ئەزموونی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان) ی دەوڵەتان وەرگرتووە. . دەستپێشخەری کرد و بۆ یەکەمین جار لە بەغدا، ئۆتۆمبیلێکی دوو تۆنی (پیک ئاپ)ی کردە شانۆی گەڕۆکی منداڵان و بە دیکۆرێکی جوان رازاندییەوە. . تا ئێستا لەسەر پشتی ئەم پیکاپەدا، چەند شانۆیەکی بۆ منداڵان ـ ئەکتەرەکانیش منداڵانن ـ لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی بەغدا دا، بە سەرکەوتووییەوە نمایشی کردن. . دەستخۆشییەکی زۆریان لێکردووە.

چ دەرهێنەرێکی دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانی کوردستان لە بواری شانۆی منداڵان دا، شانازی دەستپێشخەری پێدەبڕێت و. . بڕیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دەدات. . راستە پرۆژەیەکی گرنگی وا، پێویستی بە هاوکاری چەند لایەنێک و بە پشتگیری و دابینکردنی کەرەستە و پێدایستییە پێویستییەکانی شانۆی منـداڵان هەیە. . بەڵام هەموو پرۆژەیەک بە هەنگاوێکی سەرەتا دەست پێدەکات.

گەربێت (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دابمەزرێت، دەتوانێت خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەب و هونەری منداڵانی کوردمان بکات. . لە رووی پەروەردەیی و فێرکاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییشەوە خۆشی و سوودێکی زۆر بە منداڵانی کوردمان دەبەخشێت. . وەکو من بزانم تا ئەمڕۆ لە کورستان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵانمان نییە.

نابێت ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەمان لەیادبکەین، چ ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، یا ئەوانەی تا ئەمڕۆش لە ژیان دا ـ تەمەن درێـژیان بۆ دەخوازم ـ کە زۆر دڵسۆزانە و خۆبەخشانە لە بواری شانۆی منداڵانی کوردستان دا خزمەتێکی جوانیان کرد و دەیکەن، جێ پەنجەیان دیارە و، کۆمەڵێک شانۆی جوانیان پێشکەش بە منداڵانی کوردمان کرد. . بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە چاو گرنگی شانۆ بۆ منداڵان، تا ئەمڕۆش شانۆی منداڵان لە کوردستان دا، لە ئاستی خواست و پێویستی منداڵانی گەلەکەمان دا نییە. . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، یەکێک لەو هۆیانە، پشتگیرنەکردنی شانۆی منداڵان لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییە گششتییەکانی پەروەردەی شارەکانی کوردستان، نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان. . ئەگەرچی لە شارەکانی باشووری کوردستان (بەڕێوەبەرایەتی هونەری منداڵان) و (بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان) هەن. . بەڵام لە راستی دا لە رووی مـاددی و پێویستی و مەعنەوی و هانـدانەوە، لە لایەن وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردەوە، پشتگوێ خـراون وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە. تا ئەمڕۆش نە لە باخچەکانی ساوایان و نە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان دا وانەیەک نییە بە ناوی (وانەی شـانۆ) وە، دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش کە لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان دا بە مامۆستای هونەر دایاندەمەزرێنن، نە وانەی تایبەتی شانۆ هەیە و نە هیچ پێویستی و پێداویستێکیشیان لە بەردەست دایە، تا سوود لە پسپۆری و لە تواناکانیان وەربگرن و بیانخەنە خـزمەتی شانۆی منداڵانی کوردستانەوە.

بۆیە دامەزراندنی شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویستە، گەر دابمەزرێت، تا رادەیەک دەتوانێت ئەم کەلێنە پڕبکاتەوە. . بۆ کڕینی چەند لۆرییەکی بارهەڵگر بۆ ئەم مەبەستە، پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت ناکەوێت، بەڵام سوودێکی زۆری دەبێت. . لە ئەمـڕۆدا لە سایەی قەیـرانی ئابووری و بێ مووچەیی دا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردستان، تووشی گرفتی جەستەیی و دەروونی و بەدخـۆراکی و بێ بەرگی و بێنـازی بوونە. . بەشێکیش لە منداڵان لەبەر هەژاری و نەبوونی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، کاری قورس و نەشیاو دەکەن. . ئۆباڵی ئەم منداڵانەش لە ئەستۆی حکوومەتی باشووری کوردستان دایە.

شانۆی منداڵان، تا رادەیەک دەتوانێت لە ئازارە دەروونییەکانی منداڵان کوردستان کەمتر بکاتەوە و هیـوا و خۆڕاگریان پێببەخشێت. . شانۆی گەڕۆکی منداڵان دەتوانێت بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان لە ژمارەیەکی زۆری باخچەکـانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان و لە کەمپەکانی ئاوارەکان و لە نەخۆشخانەکانی منداڵان و لە گەڕەکەکان و لە باخچـە گشتییەکان و لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان و لە دێیەکانیش دا، شانۆی پەروەردەیی ئارەستەکراوی ئامانجدار، نمایش بکات و هیـوا و گەشبینی بخـاتە دڵی منداڵە بێنازەکانی کوردستانەوە.

پێشنیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) ئاراستەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەی کوردستان و بەڕێوەبەرێتی چالاکی قوتابخانەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە ئاوڕ لەم پێشنیارە بدەنەوە و مـژدەی دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) رابگەیەنن.

رەزا شوان
نەرویـج: ١٧ی/ فێبروار/ ٢٠١٨


 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu