تیرۆر و ئەکێکی مەزن ... حەمە غەفور

لەم جەنگە سیمبولیکەدا دیارە کێ کەوتووە و کێ سەرکەوتووە! زۆری پێنەچوو تا سەرکەوتووش بە هەمان دەردی نێچیرەکەی بچێت. چی وایکرد ئەفسەرێکی گەنجی تورک خۆی بکاتە نوێنەری خەڵکی سوریا و حەڵەب و هەڕەشەی تیرۆر لە ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی بکات؟! دیارە هیچ کەس تیرۆریزمی ئیسلامی نەوعی داعش و نوسرە و فەتحولشام و . . تدی وەکو وەڵامی خەڵکی بەتەنگهاتووی ژێر مەنگەنەی تیرۆر و جەنگ لە هەموو لایەکەوە پەسەند نییە. خەڵکی بەشەرەفی ناوچەکە ئارەزوویانە و بە قووڵی درکیانکردووە تیرۆریزمی ئیسلامیش وەکو قوتبەکانی دیکەی تیرۆر گرەو لەسەر ژیان و چارەنووسی ئەوان دەکەن و سەرمایەگوزاری بەوانەوە دەکەن تا وەکو قوتبێکی خوازیاری دەسەڵات حسابیان بۆ بکرێت.



ئەم ئارەزووەی خەڵکی ئاسایی چۆن دەتوانێت بگۆڕێت بۆ هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و بەوێنەی ئیرادەیەکی جەماوەری بەهێز بێتەمەیدان، بۆ ئەوەی وەڵامی دانشکێن بە هەموو تەرەفەکانی تیرۆر بداتەوە؟! ئەمە کارێکی مەزن و چارەنوسسازە و پێش لە هەر کەسێک ئەمر و مەسەلەی کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیزمی کرێکاری و ئازادیخوازانە ئەم ئاڵایە بڵندکەنەوە لەنێوجەرگەی تەراتێن و جەنگی هەموو قوتبەکانی تیرۆریزمدا. تا وەکو ئاسۆیەک بخرێتە بەردەم ملیۆنەها ئینسانی سڤیل و خوازیاری ژیانێکی ئاسایی و شەرافەتمەندانە و خۆیانی تێدا ڕێکخراوبکەن و چارەنووسی خۆیان لەژێر چنگی ئەم هێزە جۆراو جۆرانەی تیرۆر و تیرۆریزم دەرکێشن.



پۆتین و ئەردۆگان هاوپەیمانێتییەکەیان بەلاوە باشترە لە ناواخنی ئەم پەیامەی تیرۆری باڵوێزی ڕوسیا دەیدات، چونکە وەرچەرخانی تورکیا بۆ لای ڕوسیا وەکو شکستێکی تر وایە بۆ ئەمریکا. لە حەڵەب ئەمریکا ژێرکەوت و ڕژێمی سوریا پێشڕەوی کرد تا بسەلمێت ڕوسیا هێزێکی ئیمپریالیستی گەورەیە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەم تیرۆرەیان ئیدانەکرد، بەڵام ناتوانن خەڵکی جیهان قانعکەن پەیامی ئەم تیرۆرەی باڵوێزی ڕوسیا هێمانەبێت بۆ توندتربوونەوەی کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو قوتبە خۆیان لە سوریا و ناوچەکەش وە بەدوایشیدا جەنگی هەردوکیان بەرانبەر قوتبی تیرۆریزمی ئیسلامی.



گرنگ نییە ئەو دوو کەسەی نێو دیمەنەکە خۆیان چۆن سەیری جیهانی ئەمڕۆ دەکەن یاخود کردوویانە، گرنگتر ئەوەیە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن هەرسێ بەرەی جەنگی سوریا و هاوپەیمانەکانیان، بە واتای فراوانی خۆی تیرۆریستن، وە درکیان ڕۆشنبۆتەوە کە وەڵامی تیرۆر هەرگیز تیرۆر نییە. وەڵامی واقعی و جەماوەری و شۆڕشگێڕانە بۆ تیرۆریزمی هەموو قوتبەکان دەبێت شتێکی تەواو جیاواز بێت لەم وەڵامەی بە تیرۆر وەڵامی تیرۆر دراوەتەوە، جا بۆمبارانی شار و ووڵات و کوشتنی خەڵکی سڤیل بێت، یاخود کردەوەی خۆکوژی و ئیسلامیانە بێت یاخود بارمتەکردنی ژیانی خەڵکی بێت وەکو داعش. بەڵام ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە جیهانییە کە لەم شەڕەدا زیاتر ڕۆڵی تەماشاچی و قوربانی دەبینێت، چی ئەم پاشەکشەی بەسەردا سەپاندووە؟! پرسیارێکە و لەڕووی پراتیکییەوە ئاییندە دەتوانێت وەڵامی بداتەوە.



جیهانی ئەمڕۆ تیرۆر ئەیباتەڕێوە و ئەو بەشە مەزنەی لە تیرۆر و تیرۆریستان بێزارن و خوازیاری چارەنووسێکی جیاوازن لەمەی ئێستا، بێ ئاسۆیە و بێ پەرچەمە و بێ بەدیلە، بۆیە بەردەوام کۆمەڵێکی گەورەتر و زیاتر لێیان دەبێتە قوربانی دوو قوتبی تیرۆریستی. کەوایە ڕەوت و هێزگەلێک کە دەخوازن لەپاڵ ئەم هێزە جیهانییەی دژە بە تیرۆر و تیرۆریزم ڕاوەستن، موهیمەی گەورەتریان ئەکەوێتەئەستۆ، ئەویش کارکردنە بۆ شکڵدان بە ئەڵتەرناتیڤێک کە ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و سۆشیالیستیی لە بزووتنەوەیەکی واقعیدا بتوانێت بهێنێتەمەیدان. ئەگەر بێت و ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی سوریاو ناوچەکە بکەوێتە سەر ڕێچکەیەکی بەم شێوەیە، ئەوا ئێمە سەرەتایەکی عەمەلیی گرنگ دەستپێدەکەین بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارەکەی پشوو.

٢٠دیسەمبەر٢٠١٦

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu