بایکۆت لە کوێوە بۆ کوێ! بەدیلێکی کومونیستی کرێکاری پێویستی ڕۆژە ... حەمە غەفور

بیرهێنانەوەیەک

ئاوڕێک بۆ دواوە دەریئەخات پێبەپێی ئەزمونی حوکمڕانیان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری و بەرهەڵستکاری گشتی بەدژی حزبەکانی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا. تائێستا و لە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ دەسەڵات بە دژی هەڵاواردن، نادادپەوەری، دزی و تاڵانکردنی داهات و سامانی ووڵات، برسیکردن و هەژاری و بێدەربەستی بەرانبەر گەنجان و ئاییندەی نەوەکانیان، ئەم خەڵکە حوکمی بێتوانایی و ناشاییستەگیی ئەم حزبانەیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا خستۆتە نێو لەپی دەستیانەوە.

ئەم دەسەڵاتە بە پیادەکردنی بەردەوامی سیاسەتی سەرکوتی موخالیفانی سیاسی و هێرشی سیستماتیک بۆ سەر ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، تیرۆر و تۆقاندن و ڕاونانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری و ڕۆژنامەوانان، ئەم دواییەش هێرشی برسیکردن بە پیادەکردنی سیاسەتی پاشەکەوتی موچەی سەدان هەزار کەس لە مامۆستایان و فەرمانبەران، تەنگی بە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەڵچنیوە و بێجگە لە بەرەنگاربوونەوە و بەرپاکردنی ناڕەزایەتی جۆرا و جۆر، کە جوڵانەوەی سەد ڕۆژەی بایکۆت یەکێکیان بوو، هیچ ڕێگاو بژارەیەکی دیکەی بۆ نەهێشتونەتەوە. خەڵکی ئەم هەرێمە مافی سروشتی خۆیانە بڕژێنە شەقام و هێز و ئیرادەی یەکگرتووی خۆیان بهێننەمەیدان و بەرپەرچی هێرش و پەلامار و سیاسەتی نامرۆڤانەی دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونایستی کورد و خۆماڵی بدەنەوە، بە شێوەی دەستەجەمعی موچە و ماف و خواستەکانی دیکەیان لە قوڕگی فیرعەونەکانی کوردایەتی و نوێنەرانی سەرمایە وە مافیاکانی تاڵان و بڕۆی نەوت و سامان و بودجەی ووڵات دەربێنن. بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کردەنییە!

یەکەمین وانەیەک لە جوڵانەوە سەدڕۆژییەکەی بایکۆتەوە دوپاتکرایەوە و فێریبووین ئەوەیە، دەسەڵات و حکومەتێک کە نەتوانێت لەو هەموو سەروەت و سامانەی هەیە، لەو دەریایە لە ئیمکاناتی ووڵات کە قۆرغکراوە لەلایەن حزب و بنەماڵەوە، مووچە و داواکاری و ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دەستەبەربکات، دەبێت بەهێزی جەماوەری توڕە و ناڕازی بخرێتەلاوە. وە ڕێگابکرێتەوە تا خەڵک و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خۆیان دەسەڵات و موقەدەراتی کۆمەڵگاکەیان بەدەستەوەبگرن. بێگومان ئەم هەنگاوەش بێ بەدیلێکی واقعی کومونیستی و کرێکاری کە سەرجەم کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان لەدەوری سیاسەتی سۆشیالیستی خۆی کۆبکاتەوە و یەکگرتوو و ڕێکخراویان بکات، ئێجگار سەختە. چونکە دەسەڵاتی گەندەڵکاران لە چەندین حزبی سیاسی پڕخەرج و بە میلیشیا تەنراو خۆیان سازمانداوە، ئامادە و ڕێکخراون و دەسەڵات و موقەدەراتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگا و کرێکاران و زەحمەتکێشاندا سەپاندەوە. دەسەڵاتێکی هه‌ڵقوڵاوی ئیراده‌ی جەماوەر، کە پشتئەستور بێت بە نەریتیەکانی سۆشیالیزم دەتوانێت دەستبەجێ وەڵامی واقعی و پراکتیکی بە کێشە و قەیرانەکان و هەموو خواستەکانی هاوڵاتیان بداتەوە، وە ئاشتی و ئارامی و ئاسودەیی بکاتە کارنامەی خۆی. حکومەتێک پشتئەستور بە ئیرادەی خەڵک و دەرکەوتووی نێو ویژدانی زیندووی هاوڵاتیان بێت هەم شەرعییەت هەم توانای ئاڵوگۆڕی جددی هەیە لە بەرژەوەندی خەڵکی ستەمدیدە. حوکمی مێژوو هەمیشە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی بەتەنگهاتوو بۆ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتە ستەمکار و بێباکەکان بەرانبەر ژیان و چارەنووسی هاوڵاتیان بە ڕەوا و بەرهەق تۆماردەکات و لەلایەن سەرجەمی ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکانی جیهانەوە جێگای ئەوپەڕی پشتیوانی دەبێت.

سەد ڕۆژ بایکۆت و ڕاستییەک

بزووتنەوەی بایکۆت ئەگەر چی بە گشتی شێوازێکی خەباتی مەدەنی و جەماوەریی بەرهەق بوو دژی ناهەقییەکانی دەسەڵات. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هێرش و ستەمێک کرابویە سەر مووچە و قووتی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان ئامڕازێکی ناکاریگەر و سنووردار بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی. لەگەڵ ئەوەشدا بایکۆت دەنگی ڕەوا و نەفرەتێکی گشتیی خەڵکی کوردستان بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ستەمێکی کۆمەڵایەتی، ستەمێک کە نەک لەلایەن ڕژێمی بێگانەی بەعسەوە، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی خۆماڵییەوە سەپێنرابوو بەسەریاندا. لەگەڵ ئەو سەرنجەشدا مامۆستایانی تێکۆشەر و فەرمانبەران و کرێکاران و هاوڵاتیان ١٠٠ ڕۆژی تەواو دروشمی بایکۆتیان بەدەستەوە گرت و ڕیزی خۆنیشاندانی ناڕەزایەتی چەندین هەزارییان سازماندا و نەفرەتیان باراند. ئیرادە و حەماسەتێکی شۆڕشگێڕانەیان نیشاندا و نایەکی گەورەی جەماوەرییان گوت بە بڕیار و سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی. ئەم جەماوەرە توڕەیە بە دەسەڵاتی مافیاکانیان گوت، ئیتر بەسە! لەمەودوا لێتان قبوڵناکەین لەسەر حسابی هەژارکردنی ئێمە و نابودکردنی ژیان و ئاییندەی ئێمە و نەوەکانمان خۆتان دەوڵەمەندتر بکەن و سەرمایەو قازانجی زیاتر کەڵەکەبکەن، وە ئێمەی هاوڵاتیانیش نوقمی هەژاری و بێکاری و چەندین نەهامەتی سەرتاپاگیر بکەنەوە. بەڵێ، جەماوەری شەرافەتمەند و نارازی ١٠٠ ڕۆژی بەردەوام پڕ بە گەروویان هاواریانکرد و توڕەیی و ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا، بەڵام دەسەڵات بە چەواشەکاری و کات کوشتن دەیویست بێدەنگیان بکات و ئەوان بەردەوام بوون. لەو ماوەیەدا ناوەندی شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و سەیدسادەق و دەربەندیخان و قەڵادزێ و کۆیە و چەمچەماڵ کرابوونە شانۆی دووپاتکردنەوەی خواستەکان، گۆڕابون بۆ مەیدانی ووتنەوەی دروشمی شەرمەزارکردن و ڕیسواسازی بە دژی دەسەڵات. بەڵام دواجار لۆجیکی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی حوکمی خۆی سەپاند و بەهۆکاری واقعی و قابیلی پێناسە - کە دواتر باسیدەکەم- بزوتنەوەی بایکۆت نەیتوانی ئاستی هەیەجانێکی نیمچە ڕێکخراوی دەنگهەڵبڕین و ڕیسواسازی دژی دەسەڵات تێپەڕێنێت و سەرئەنجام ڕۆژی ١٥کانونی دووەم٢٠١٧ کۆتایی پێهات.

ئەگەرچی بەداخەوە بزووتنەوەی بایکۆت نەیتوانی بەسەرکەوتن بگات و ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی خۆی بەدیبێنێت، کە هەڵوەشانەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و گێڕانەوەی شاییستە داراییەکان بوو، بەڵام دەسەڵات و کۆشکی گەندەڵکارانی هەژاند. تا ئاستێکی باش توانی دەنگی بڵندی توڕەیی و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ئازادیخواز کۆبکاتەوە و بەرەوڕووی ستەمکارانی بکاتەوە. لە ئاکامی بزوتنەوەی بایکۆت سایکۆلۆجییەتی کۆمەڵگا و ڕای گشتی بە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی کوردی گۆڕانی بەسەردا هاتوو و ئیرادەی ڕاوەستان و گیانی کاردانەوە لە باوەڕو ویژدانی جەماوەرێکی فراواندا جێگیربووە. ئێستا ئیتر دوای ١٠٠ ڕۆژ بەرەنگاربوونەوە بە ئیرادەیەکی زۆر و یەکپارچەوە بەرانبەر بە ستەمی بڕینی بە کۆمەڵی مووچە لەلایەن ئەم حکومەتەوە، ئێجگار کەمن ئەو هاوڵاتیانەی حکومەتی هەرێم بە حکومەتی خۆیان دەزانن. بەڵام دەرسەدێکی گەورەی خەڵکی کوردستان وەکو حکومەتی تاڵانچی و گەندەڵکار و مافیاکانی ووڵات چاویان لێ دەکەن و بە قووڵی ئومێدەوارن هەرچی خێراتر لەدەسەڵات بخرێن. ئەمە ئەو گۆڕانکارییەیە کە دەرئەنجامی بایکۆت بەتەواوی لەلای خەڵکی جێگیربووە. ئێستا ئیتر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە لە باوەڕی خەڵکیدا نەک حکومەتی هەڵبژێرراوی هاوڵاتیان نییە تەنانەت شاییستەگی و توانایی بەڕێوەبردنی ووڵاتیشی نییە. چونکە بەدرێژایی ئەزمونی حوکمڕانیان حکومەت ئامڕازی دەستی مشتێک فیرعەونی هەڵتۆقیوی ئەزمونی بزوتنەوەی کوردایەتی بووە بۆ بردنەپێشی سیاسەتی تاڵانچێتی و هەڕاجکردنی وڵات و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی. سەد ڕۆژ بایکۆت دەریخست پەیوەندی ئەم دەسەڵات و حوکمڕانییە لەگەڵ هاوڵاتیان و جەماوەری شەریف و ستەمدیدەی کوردستان لێرە بەدواوە لە پەیوەندی دوو دیاردەی دژبەیەک زیاتر نییە، وە هەوڵەکانی سەرکوتکردن و بێدەنگکردن و ملکەچکردنی هاوڵاتیان خۆی باشترین بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە.

نەبوونی ئەنجامگیری و ڕەخنەیەک

بزوتنەوەی بایکۆت و هەڵسوراوانی لە ماوەی ئەم سەد ڕۆژەدا لەگەڵ دەیان پیلان و هەڕەشە و شێوازی سەرکوت و ڕفاندن لەلایەن دەزگای سەرکوتگەری حکومەتی "خۆماڵی" کوردایەتی ڕووبەڕوو بوونەوە. بەڵام مامۆستایان و جەماوەری ناڕازی ١٠٠ ڕۆژ بەرەنگاری و ڕاوەستاوییان لەخۆیان نیشاندا. گەلێک فیداکاری و هەنگاوی بەنرخیان هاویشت. ڕاستە ئەم خەباتە بە داخوازییەکانی نەگەییشت، بەڵام گەلێک وانە و ئەزمونی گرنگی بۆ ئێستا و ئاییندەی خەباتی جەماوەری لە کوردستان بەدەستهێناوە. ئەوەی بایکۆت و ئەم خەباتە بۆ نەیتوانی بە سەرکەوتنی خۆی بگات و باری ئەم ژیانە سەختە لەسەر شانی مامۆستایان و فەرمانبەران کەمکاتەوە و ببێتە نمونەیەکی بەتەواوی سەرکەوتوو بۆ ناڕەزایەتیی چین و توێژە بەشخوراوەکانی دیکە، جێگای کۆبەندی و لێکدانەوەیەکی پێویست و هەمەلایەنەیە و بەداخەوە تا ئێستا نەکراوە.

بایکۆت بەو دەلیلەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری و گشتگیر بوو، ئاساییترین دیاردەش تیایدا بوونی ئاراستە و گراییش و تەوژمی سیاسی جۆرا و جۆرە. بەڵام ئەوەی جێگای ڕەخنەیە لانیکەم بۆ من وەکو کۆمۆنیستێک، تا ئێستا هیچکام لەو گراییشانە بە چەپ و ڕاستییەوە هەڵسەنگاندنی تۆمارکراوی خۆیان بۆ ئەم حەرەکە جەماوەرییە ئەنجامنەداوە! ئەمەش ئەگەر بە بارێکیدا هێما بێت بۆ خاوەندارێتی نەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکانیش لە بزوتنەوەی بایکۆت لەپای سازش و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی -مامۆستان و هاوڵاتیان بەگشتی پێویستە ئەم دووفقاییەی ئەو لایەنانە لەیاد نەکەن، چونکە یەکەم جاریان نییە و دواجاریشیان نابێت!- ئەوا بە بارەکەی دیکەیدا نیشانەی پا دەر هەوا بوونی ئیدیعا و هەڵوێستگیرییەکانی بەشێکی زۆری بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانە دەرهەق بزووتنەوەی جەماوەری و داکۆکیکاری ماف و داخوازییە گشتییەکان. بەڵام پرسیاری جددی لێرەدا ئەوەیە، کۆبەندی و ئەنجامگیری جەرەیانات و هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست چییە و کامەیە بۆ ئەم خەباتە؟ چ وانەیەک بۆ ئێستا و داهاتووی خەباتی جەماوەری هەقخواز بەگشتی و بۆ تێکۆشانی مامۆستایان و فەرمانبەران بە تایبەتی لەم ئەزموونەی بایکۆت وەردەگرین؟ ئەم کارە لەپێشدا ڕاستەوخۆ وەکو ئەرکێکی حەیاتی دەستی کۆمۆنیستەکان و هەڵسوراوانی ڕادیکاڵی دەرگیر لە مەیدانی سیاسی و لەنێو خەباتی جەماوەری ئەم دەورەیەی کوردستان ماچدەکات.

هۆکارەکانی سنوردار مانەوەی بایکۆت

یەک، ستەمگەری دەسەڵات

جگە لە هۆکاری هەرە بنەڕەتی بۆ سنوردار هێشتنەوەی بایکۆت، یانی غیابی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی بەهێز بۆ ڕێکخستن و ڕابەرایەتی جوڵانەوەی بایکۆت، هۆکاری دیکە هەن ڕۆڵیان بینیوە لەمبارەوە. بۆ نمونە حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم ساڵانێکە وەکو سیاسەتێک و شێوازێکی ستەمکارانەی خۆی پێدانی موچە و شاییستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران لەکاتی خۆیدا دابینناکات و دوایاندەخات. ئەم هەنگاوەشی وەکو گوشار و دڵەڕاوکێیەک بەکاربردووە لە جەنگی دەروونی خۆیدا دژی هاوڵاتیان. هەمیشەش دەنگی ناڕەزایەتی بەدژی ئەم پێشێلکارییەی دەسەڵات بەرزکراوەتەوە. هەموو دەزانین وەکو تەشەرێکی گاڵتەئامێز بە فەرمانڕەوایی خراپی حکومەتی کوردی لەناو هاوڵاتیاندا باو بوو دەوترایەوە "مانگی مووچە لە جیهان ٣٠ ڕۆژە، بەڵام مانگی موچەی هەرێمی کوردستان ٦٠ ڕۆژ و زیاتریشە!". بەمجۆرە دەسەڵات ئەزمونێکی باشی هەبوو کاتێک بیری لە سیاسەتی بڕینی بەکۆمەڵی مووچەی هاوڵاتیان کردەوە. هەروەها بە دوای پەیدابوونی داعش و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژئاوای عێراق، وە کردنی موسڵ بە پایتەختی دەوڵەتەکەی، وە لەگەڵیشیدا هاتنی ئەژمارێکی زۆری ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان، هیچکات حکومەتی هەرێم موچەکانی لە کاتی خۆیدا دەستەبەر نەکردبوو. بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی دواکەوتنی مووچەو هاتنەئارای سیستەمی زنجیرەیی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان بەگوێرەی خشتە، وە لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیاندا بە سەختی تەنها مووچەی هەشت مانگی دراوە و مانگی ٩ و ١٠ و ١١ و ١٢ ساڵی ٢٠١٥ هەرگیز نەدراوە و ئاخرییەکەی خرایە ناو سیستەمی پاشەکەوتکردنەوە. هەمو ئەمانە لەگەڵ بیانووی شەڕی دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوت دەسەڵاتیان دەستواڵاکرد بەناوی چاکسازی و پێڕەوی لە دەستەواژەی "دادپەوەری لە دابەشکردنی مووچە"دا، سیستەمی پاشەکەوتی مووچەکان بکاتە بڕیار و ڕۆژی ٣ شوبات ٢٠١٦ بە ڕەسمی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بڵاوکرایەوە و لە ١-١-٢٠١٦وە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە و چوار مانگە دزراوەکەی ساڵی پێشووشی خرایەسەر. واتە دەسەڵات سوودی لە نەبوونی ڕاوەستانەوەیەکی بەهێزی جەماوەری،  لە ناڕێکخراوبوونی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران وەرگرت و غافڵگیری کردن و بڕیاری ستەمی مووچەی سەپاند. هەر ئەمەش وایکرد دەسەڵات جگە لە بزوتنەوەی بایکۆت، دەنگ و ڕەنگێکی کۆمەڵایەتی پڕهێزی بەرانبەر خۆی نەبینی، بۆیە بێباک مایەوە و جارێ هێشتا هەروا درێژەئەدات بە ستەمکارییەکانی خۆی دژی هاوڵاتیان.

دوو، کەموکوڕییەکانی بزوتنەوەی بایکۆت

مامۆستاو فەرمانبەر کرێکارن یان نا!

بەپێچەوانەی بەشێکی زۆر لە ئەفراد و گروپە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانەوە، کە هێشتا ناتوانن مامۆستایان و فەرمانبەران وەکو بەشێک لە هێزی کار دابنێن، لەسەر ئەو باوەڕەم دەرسەدێکی گەورەی ئەم توێژانە لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتییان و جێگایان لە سیستەمی سەرمایەداریدا بەشێکن لە هێزی کاری کۆمەڵگای کوردستان. چونکە ئەم ئینسانانە بەرانبەر بە فرۆشتنی هێزی کاری هزر و جەستەییان مووچە و کرێ وەردەگرن و جگە لەوە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ژیانیان نییە و خاوەنی هیچ سەرمایە و ئامڕازێکی بەرهەمهێنانیش نین. بەداخەوە پاڵپشت بەم تێڕوانینەیان بەشێک لە کۆمۆنیستەکان بزوتنەوەی بایکۆتیان بایکۆتکرد و هەر لە سەرەتاوە کەوتنە هەڵەیەکی سیاسییەوە کە پێیانوابوو ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران گلەیی و گازەندەی خوردەبۆرژوازییە و دەخالەتکردن تیایدا بێهودەیە.

بەش بە حاڵی خۆم بە جددی و ڕاشکاوییەوە بەشداری بزوتنەوەی بایکۆتم کرد و هەوڵی زۆریشمدا ڕابەران و هەڵسوڕاوانی مامۆستایان و دەستەکانی ناڕەزایەتییەکان لێک نزیکبکەمەوە و سەرنجیان ڕاکێشمە سەر بۆشایی نەبوونی ناوەندێکی ڕادیکاڵی ڕابەرایەتی سەرتاسەری بۆ ناڕەزایەتییەکان. ئەم هەوڵانە بەردەوامی هەیە و ئومێد هەیە ئاکامی باشی هەبێت. بە بڕوای من ئەرکێکی حەیاتی کۆمۆنیستەکان ئێستا بریتییە لە وەڵامدانەوە بەم گرفتە و ڕۆڵبینین لە ڕاستای هێنانەئارای ڕابەرییەکی سەراتەسەری و بەرچاوڕۆشنی بزوتنەوەی بەرهەڵستکارییە جەماوەرییەکان. وە هەوڵدان بۆ لێکهەڵپێکانیان لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران و ناوەندەکانی کار و ژیانی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و ڕابەرانیان.

بۆچی کرێکاران و بزوتنەوەی بایکۆت دوای بزوتنەوەی گۆڕان دەکەون؟

بەشێکی زۆری کرێکاران و ڕابەرانی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش وەکو ووڵاتانی تری جیهان دەخوازن چینی کرێکار وەکو چینێکی یەکپارچە ببێتە بەدیلێکی ڕێکخراو لە خەبات بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. بەڵام لەم ناڕەزایەتیانە و بارودۆخی سیاسی کوردستاندا بەگشتی ڕۆڵی چینی کرێکار نادیارە! هۆکار چییە؟ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تا چەند لەگەڵ چینی کرێکار سەروکاری هەیە؟ گروپ و ئەڵقە کۆمۆنیستییەکانی کوردستان خەریکی چین؟ ئایا دەکرێت بە تەرجومەی سەرچاوە مارکسییەکان و نەشری ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی و خۆخەریککردن بە موناقەشەی شەفەییەوە کاریگەری بەسەر مێژوی کۆمۆنیزمەوە دابنرێت؟ ڕێکخراوە کرێکارییەکان بۆ نابینرێن؟ ئایا سەندیکاگەلێکی بێگیان کە لە هەر ناوەندیكی کار و فەرمانگەیەکدا لەلایەن ئەحزابی کوردییەوە قوتکراونەتەوە توانیویانە بەهەر بارێکدا بێت ببنە جێگرەوەی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەران؟ دەستەی ناڕەزایەتی خەڵک، کە حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری کوردستان و مەحافل و هەڵسوڕاوانێکی کۆمۆنیست گوایا ڕۆڵیان بووە تیایدا، بۆچی لە پاشکۆیەتی بەشوێن مامۆستایان و بزوتنەوەی بایکۆت بەولاوەتر نەڕۆییشت؟

بەڕای من ئەم مەسەلە بە لێکۆڵینەوەی بارودۆخی سیاسی نێونەتەوەیی دەکرێت ببینرێت. بۆ نمونە ئەم پرسیارە دێتەگۆڕ، ئایا تا چ ئاستێک کرێکاران و حزبگەلی کرێکاری بەشدارن لە دیاریکردنی مێژووی کۆمەڵگاکانیاندا؟ تا چ ڕادەیەک کرێکار بە پێناسەی ئینسانی بوون و مادی بوونی خۆیەوە لە پشتی ئامڕازی کارەکەیەوە بە قیافەی خۆیەوە وەکو کرێکار بەشداری دەکات لە سیاسەتدا؟ وە تا چەند وەکو هێزی کۆمەکی ئەحزاب و سیاسەتی چینە جیاجیاکان ڕۆڵدەبینێت؟ ئێمە لە کوردستان شاهیدی دەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان بووین، کە بە قیافەیەکی سیاسی مەحکەمەوە وەکو باڵێکی ناسیونال پۆپۆلیستی بە ڕووکەش لیبڕاڵ لە تەوژمی یەکێتی نیشتمانی جیابوویەوە و توانی وەکو بەدیلی دەسەڵات هێزی خۆی نماییشبکات، به‌نا‌هه‌ق سه‌رنجی به‌شێک له کرێکاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و . . . بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. لە ڕێی پارلەمانەوە سەرکەوت بۆ ناو پارلەمان و دواتریش بۆ دەسەڵات.

ئه‌م جێگا و شوێنه‌ی که گۆڕان له کۆمه‌ڵگا په‌یدایکرد و ته‌نانه‌ت سه‌رنجی به‌شێک له کرێکار و ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و مامۆستایانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا زیاد لە هەر شتێک دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاری، کە توانیبێتی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکە بگۆڕێت بۆ بەدیلێکی سەربەخۆی کرێکاری و لەمەیدانی کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات ببنە هێز و بچنە شەڕی دەسەڵات و کۆمەڵگا لەدەوری بەدیلی کرێکاری خۆیان قوتبیکەنەوە. بۆیە بەشێوەی گشتی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژە ستەمدیدەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان چوونە پشتی بزوتنەوەی گۆڕان و گوتار و دروشمەکانیشی زۆرتر لەژێر کاریگەری ئەودا بوون.

لە هەر کۆمەڵگایەکدا هەمیشە کۆمەڵێک گرفت و مەسەلە لەئارادایە، وە کۆمەڵێک ڕیزبەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە کە هێزی کرێکاران خۆبەخۆ دەخوازێت یان ببێتە پاشکۆ یاخود ببێتە مایەی بەهێزبوونی ئاراستەیەک کە هەمیشە ئەو ئاراستەیە زیاتر لە وەرگرتنی دەسەڵاتەوە نزیکترە تا چینی کرێکار. بۆ نموونە، باڵێک یاخود حزبێکی چەپی بۆرژوازی، یان دیموکراسی خەڵکگەرا و. . تد. هەمیشە ڕەوتێک لە کۆمەڵگادا هەیە -چەشنی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان یان حزبە ئیسلامییەکان- کە وەکو ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات ڕاوەستاون و هەر لایەکیان دەیەوێت دەسەڵات بەدەستەوەبگرێت، وە چینی کرێکاریش هەمیشە بەرەوڕووی ئەم بژارەیە دەبێتەوە کە پشتیوانی ئەو ڕەوتە بکات یان نەیکات. دواجار پشتیوانی لەم یان لەوی تریان دەکات و بەردەوامیش هەر ئەم کارە دەکات. ڕەنگە ئەم هەڵوێستەشی نزیکترین حاڵەت بێت کە بتوانرێت وەکو پێشڕەوی بۆی ئەژماربکرێت.

بەمپێیە بزوتنەوەی بایکۆت زیاتر لەهەر ئاراستەیەکی کۆمۆنیست و سۆشیالیست، بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیشەوە، مەیلی بەلای بزوتنەوەی گۆڕاندا هەبوو. چونکە ئەگەرچی گۆڕان پاشەکشەی زۆریشی تۆمارکردبوو لە مەیدانی سیاسەت و حوکمڕانیدا، بەڵام هێشتا لەدیدی چینی کرێکار و توێژە کەمدەرامەتەکانەوە بەهۆی ئەو واقعە تاڵەی لە ئاکامی غیابی حزبێکی کۆمۆنیستی واقعییەوە پێشهاتووە، وەکو بەدیلی جیا لە دەسەڵات و ناڕازی بە دەسەڵات خۆی پێناسەئەکات، بۆیە حەرەکەی بایکۆت خۆی لەو جێگاوڕێگایەدا دەبینییەوە بەدوای بزوتنەوەی گۆڕان بکەوێت لە مەسەلەی چەشنی ناڕەزایەتی دژی پاشەکەوتی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و پیشێلکارییەکانی دیکەی دەسەڵات دژی کۆمەڵگاو هاوڵاتیان. چونکە گۆڕان وەکو بەدیلی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن خۆی جێگیرکردووە.

قسەی کۆتایی

سەرنجێکی کورت لە ڕیزبەندی هێز و بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و عێراقیش لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەسە بۆ گەییشتن بەو ڕاستییەی بەرەی ئێمە، بەرەی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان، لە نەبوونی ڕابەریی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی ناو جەرگەی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا و خوازیاری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و چارەنووسی کۆمەڵگا و لەنێو پەرش و بڵاوی و پەرتەوازەییەکی دەردناکدا گیرساوینەوە. ئەمەش لە فەرهەنگی سیاسیدا بەواتای ئەوەیە بەرەی ئێمە هیچ بەدیلێکمان نییە بۆ داهاتووی دەسەڵات لەم هەرێمەدا.

ئەگەر چینی کرێکار و مامۆستا و فەرمانبەر و خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخواز ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بە ناشەرعی و گەندەڵ و عەشیرەیی و ستەمکار و دژەخەڵکی دەزانێت، خۆ دەبێت بەش بە حاڵی خۆی بەدیلێکی بەدەستەوە بێت تا لە کێبەرکێیدا لەسەر دەسەڵات و لەگەڵ ئەحزابی حاکم بیخاتە بەردەم کۆمەڵگا تا هاوڵاتیان بتوانن هەڵیبژێرن و پشتیوانی لێ بکەن. خۆ ناکرێت هەتا هەتایە ئێمە بە سازکردنی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانەوە سەرقاڵ بین بۆ هات و هاوارکردن و داد و بی داد لەدەستی ناداپەروەری و زوڵم و ناهەقی و پێشێلکاری، بۆ نیشاندانی بێزاریمان لە هێرش و پەلامار بۆ سەر ژیان و کار و مووچە و ماف و خزمەتگوزاری و خۆمان و نەوەکانمان! لەویش خراپتر نابێت و ناکرێت ئێمە و هێزی کار و خزمەتی کۆمەڵگاکەمان هەمیشە و دایم هەر چاوەڕوانی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بین لە نێوان حزبەکانی بۆرژوازیدا، تا دڵمان بە ڕێچکەی گۆڕانکاری کیسەڵی و قاڵدرمەیی خۆشکەین. یانی هەر ئومێدەوار بین ئەم حزب بڕوات و ئەوی دیکەیان بێتە سەر دەسەڵات، بەڵکو شتێک زیاتر ڕیفۆرم و چاکسازی ئەنجامبدەن، کە هەرگیز نایکەن لەپێناو ئێمەدا. ئەوەی ناوی چاکسازییە هەر نەوعی ئەم چاکسازییەیە کە پاشەکەوتی مووچەی پێدەڵێن! ئێمە دەمانەوێت بۆ یەک جار کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز پاشکۆیەتی کۆتایی بێنن، پەرچەمی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و بەدەستیەوەبگرن، بەرچاویان ڕۆشن و ئامانجیان دیار بێت دژی ڕژێمی سەرمایەداری و بۆ سۆشیالیزم دەستبدەنە خەبات و ڕاپەڕین.

سۆشیالیزم بەدیل و خواستی ئێمە کۆمۆنیستەکان و کرێکارانە. ئێمە کۆمۆنیستەکان مانیفێستی کۆمۆنیست پێماندەڵێت، ئەرکمانە شەو بخەینە سەر ڕۆژ قۆڵی لێ هەڵماڵین و دەسبکەین بە شکڵدان بە بەدیلی کرێکاری خۆمان. بۆ ئەم کارە حزبمان پێویستە، حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری. چینی کرێکار و توێژە ستەملێچوەکانی تری کۆمەڵگا بەبێ حزب هەروا دەبێت بە دوای حزبە بۆرژواییەکان کەون. ئەوەش هیچکات چارەنووسی ئەوان نییە و مێژووی کۆمۆنیزم و مارکسیزم ئەم پاشکۆیەتییەیان لێ داوا نەکردووین. لە بنەڕەتدا کۆمۆنیزم بانگەوازێکە بۆ یەکگرتن و ڕاپەڕین دژی سیستەمی سەرمایەداری. بۆ ئەم کارە هێزی چینی ئێمە بەبێ حزبی کۆمۆنیست هەرگیز یەکناگرێت و نابێتە ژمارەی سیاسی و بەدیلیشی بۆ شکڵنادرێت. حزبێک دەتوانێت ببێتە داینەمۆی شکڵدان بە یەکێتییەکی کرێکاری لەنێو دەروونی هەموو بەشەکانی چینی کرێکاردا، کە ببێته به‌شێکی جیانه‌کراوه له خه‌باتی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر، تا لە هەر پرس و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕۆژانە و تەنانەت جوڵانەوەی داکۆکیکارانەی چەشنی بایکۆت و داوای هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی مووچەشدا، خەڵک و کۆمەڵگا وەکو ئاسۆی سیاسی و ستڕاتیژی خۆیان بیدەنەوە بەڕووی بەدیلەکانی بۆرژوازی و سەرمایەداراندا. هەموو ئەو پرسیارانەی ووڕووژاندوومن، کە خۆشیان هێمان بۆ ڕەوشی نەخوازراو و خراپ لەڕووی سیاسی و ڕێکخراوەیی کرێکاران و وێران لەڕووی تەحەزوب و ئاسۆی کۆمۆنیستییەوە، پێویستە کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی سۆشیالیست و ڕابەرانی ناڕەزایەتییە جەماوەری و کرێکارییەکان هەڵوەستەی جددی و قووڵیان لەسەر بکەن. زەمینە بابەتی و فکری و سیاسییەکانی هەڵسەنگێنن. لەگەڵ دەیان گرفت و پرسی جۆراو جۆری تری بەرەی کرێکاری و سۆشیالیستی کوردستان، بیانخەنە نێو ئەجێندای کار و سیاسەتی ڕۆژی خۆیانەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان. هەموو ئەو کارانەش لە ڕاستای بەرقەرارکردنی بەدیلێکی واقعیی کرێکاری لەسەر ساحەی سیاسەتی ئەسڵیی کوردستان - کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات - و لێدانی سەنگەرەکانی جوڵانەوەیەکی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی بەهێز و چوست و چالاک هەمواردەکرێن.

٢٠شوبات٢٠١٧

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu